لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:68-35

په‌سنییه‌كان 1:68-35 PNTZS

با خودا هه‌ستێت. با دوژمنانی په‌رشوبڵاو ببنه‌وه‌ و ناحه‌زانی له‌ ڕووی هه‌ڵبێن. وه‌ک به‌باكردنی دووكه‌ڵ به‌بایان بكه‌یت. وه‌ک توانه‌وه‌ی مۆم له‌ به‌رده‌م ئاگر، با به‌دكارانیش له‌ به‌رده‌م خودا له‌ناوبچن. با خوداناسانیش له‌ به‌رده‌م خودا شاد و دڵخۆش بن، له‌خۆشیان هه‌ڵپه‌ڕن. گۆرانی بۆ خودا بڵێن، په‌سنی بۆ ناوی بڵێن. ئه‌وه‌ی سواری گالیسكه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌وره‌كان به‌رز بكه‌نه‌وه‌، ناوی په‌روه‌ردگاره‌، له‌ به‌رده‌می ده‌نگ هه‌ڵببڕن. باوكی هه‌تیوان و پارێزه‌ری بێوه‌ژنان، خودایه‌ له‌ نیشینگه‌ی پارسای خۆی. خودا ماڵ بۆ لانه‌وازان دابین ده‌كات، به‌ندكراوه‌كان ئازاد ده‌كات، به‌ڵام یاخییه‌كان له‌ زه‌ویێكی سووتاو نیشته‌جێ‌ ده‌بن. خودایه‌، كاتێ تۆ له‌ به‌رده‌م گه‌له‌كه‌ت ده‌رچوویت، كاتێ له‌ چۆڵه‌وانی ده‌رچوویت سیلاه‌. زه‌وی له‌رزی. ئاسمان دڵۆپه‌ی كرد له‌ به‌رده‌م خودا. خودای سینایه، له‌ به‌رده‌م خودا، خودای ئیسڕائیل. خودایه‌، بارانێكی زۆرت باراند. میراته‌كه‌ت لاواز بوو، تۆ به‌هێزت كرد. مێگه‌له‌كه‌ت تیایدا نیشته‌جێ ده‌بن. خودایه‌ به‌ چاكه‌ی خۆت، بۆ هه‌ژارانت دابین كرد. په‌روه‌ردگار فه‌رمانی دا. سوپای موژده‌گاران زۆرن: “پاشای له‌شكران هه‌ڵدێن و هه‌ڵدێن، ئه‌وه‌ی له‌ماڵدا ماوه‌ته‌وه‌ تاڵان به‌ش ده‌كات. ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌نێو ته‌وێڵه‌دان، باڵی كۆتری له‌زیو هه‌ڵكێشراو و په‌ڕه‌مووچه‌ی به‌ زێڕی سافیان به‌رده‌كه‌وێ”. كه‌ خودای‌ به‌ توانا پاشاكانی بڵاوه‌ پێكرد، وه‌ک بارینی به‌فر بوو له‌سه‌ر كێوی چه‌لمۆن. چیای باشان چیای خودایه‌. چیای باشان چیای فره‌ لووتكه‌یه‌. ئه‌ی چیا فره‌لووتكه‌كان، بۆچی چاو ده‌بڕنه‌ ئه‌و چیایه‌، كه‌ خودا ئاره‌زوو ده‌كات تیایدا نیشته‌جێ‌ بێت؟ به‌ڵكو په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ تیایدا نیشته‌جێ ده‌بێت. گالیسكه‌كانی خودا هه‌زاران هه‌زارانه‌. په‌روه‌ردگار له‌ سیناوه‌ هاته‌ پارساگا. ئه‌ی په‌روه‌ردگاری خوداوه‌ند، كاتێ به‌رزبوویته‌وه‌ بۆ به‌رزایی. ڕاپێچكراوانت ڕاپێچكرد، دیاریت له‌ خه‌ڵک وه‌رگرت، ته‌نانه‌ت له‌ یاخییه‌كانیش، بۆ نیشته‌جێبوونت له‌وێ. پیرۆزه‌ په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندی ڕزگاریمان ڕۆژ به‌ ڕۆژ بارمان هه‌ڵده‌گرێت. سیلاه‌. خودا بۆ ئێمه‌ خوداوه‌ندی ڕزگارییه‌. له‌ مه‌رگ ده‌ربازبوونیش له‌ په‌روه‌ردگاری باڵاده‌سته‌. به‌ڵام خودا سه‌ری ناحه‌زانی پان ده‌كاته‌وه‌، ته‌وقی سه‌ری ئه‌وانه‌ی به‌ ڕێگای تاواندا ده‌ڕۆن. په‌روه‌ردگارمان فه‌رمووی: “له‌ باشانه‌وه‌ دوژمنانت ده‌هێنمه‌وه‌، له‌ قووڵایی ده‌ریاكانه‌وه‌ ده‌یانهێنمه‌وه‌. تا پێت به‌ خوێنیان سوور بێت، زمانی سه‌گه‌كانت به‌شیان هه‌بێت لێیان”. خودایه‌، كه‌ژاوه‌ی تۆیان بینی، كه‌ژاوه‌ی خودا و پاشای من، به‌ره‌و پارساگا. گۆرانی بێژه‌كان له‌ پێشه‌وه‌ن و ژێ ژه‌نه‌كان له‌ دواوه‌، كچه‌ ده‌ف لێده‌ره‌كان له‌ناوه‌ندیان. له‌ كۆڕی گه‌وره‌دا ستایشی خودای په‌روه‌ردگار بكه‌ن. ئه‌ی ڕه‌چڵه‌كی ئیسڕائیل. ئه‌وه‌تا بنیامینی بچكۆڵه‌ پێشه‌وایانه‌، حه‌شاماتێک له‌ سه‌رانی ئیهوود، سه‌رانی زووه‌ولۆن، سه‌رانی نه‌پتالیم. خودا فه‌رمانی سه‌ربه‌رزیت دا. خودایه‌ پاڵپشتی ئه‌مه‌ به‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ت كرد. له‌ په‌رستگاكه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌رووی یروشلایم، پاشاكان دیاریت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. سه‌رزه‌نشتی گیانداری نێو قامیشه‌ڵان بكه، ڕه‌وه‌ گا و گوێره‌كه‌ی گه‌لان، تاكو به‌ ملكه‌چییه‌وه‌ پارچه‌ زیو پێشكه‌ش بكات، ئه‌و گه‌لانه‌ی حه‌زیان له‌ شه‌ڕه‌، په‌رتیان بكه‌. گه‌وره‌پیاوان له‌ میسڕه‌وه‌ دێن، كووش ده‌ستی خۆی بۆ خودا درێژ ده‌كات. ئه‌ی شانشینه‌كانی زه‌وی گۆرانی بۆ خودا بڵێن. په‌سنی بۆ په‌روه‌ردگار بڵێن. سیلاه‌. بۆ سواری ئاسمانی ئاسمانانی دێرین. ئه‌وه‌تا ده‌نگی به‌رزده‌كاته‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی به‌هێزه‌وه‌. با سه‌ربه‌رزیی خودا ڕابگه‌یه‌نرێت. ئه‌وه‌ی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی به‌سه‌ر ئیسڕائیله‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی هێزی له‌نێو هه‌وره‌كاندایه‌. خودایه‌ له‌ پارساگاكه‌ت سامدارتریت. خودای ئیسڕائیل هێز و توانا ده‌دات به‌ گه‌له‌كه‌ی. پیرۆزه‌ خودا!

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان