لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:22-19

په‌سنییه‌كان 1:22-19 PNTZS

خودایه‌، خودایه‌، بۆ به‌جێت هێشتم، بۆ وا دووری له‌ ڕزگاركردنم، له‌ قسه‌كانی ئاهم؟ خودایه‌، به‌ ڕۆژ ده‌پاڕێمه‌وه‌، وه‌ڵامم ناده‌یته‌وه‌، به‌ شه‌ویش ده‌پاڕێمه‌وه‌ و ئۆقره‌م ناگرێت. تۆش پارسایت، له‌نێوان ستایشی ئیسڕائیل دانیشتوویت. باوباپیرانمان پشتیان به‌ تۆ به‌ست. پشتیان به‌ تۆ به‌ست و تۆش ده‌ربازت كردن. هاواریان بۆ تۆ كرد و ده‌رباز بوون. پشتیان به‌ تۆ به‌ست و شه‌رمه‌زار نه‌بوون. به‌ڵام من كرمێكم نه‌ک مرۆڤ. مایه‌ی ڕیسوای ئاده‌میزادان و سووكایه‌تی خه‌ڵک. هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌مبینن گاڵته‌م پێده‌كه‌ن. توانجم لێده‌گرن و سه‌ر باده‌ده‌ن و ده‌ڵێن: “پشتی به‌ په‌روه‌ردگار به‌ست، ده‌با ده‌ربازی بكات. با ئازادی بكات، ئه‌گه‌ر دڵخۆشه‌ پێی؟” چونكه‌ تۆ له‌نێو سكی دایكم ده‌رت هێنام. كاتێ له‌به‌ر مه‌مكی دایكم بووم، دڵنیات كردم. له‌ كاتی له‌دایكبوونمه‌وه‌ به‌ تۆ سپێردراوم، له‌ سكی دایكمه‌وه‌ تۆ خوداوه‌ندی منی. لێم دوورمه‌كه‌وه‌، چونكه‌ ته‌نگانه‌ نزیک بووه‌ته‌وه‌ و‌ یارمه‌تیده‌ر نییه‌. گای زۆر ده‌وریان داوم. به‌هێزه‌كانی باشان ئابڵوقه‌یان داوم. وه‌ک شێری دڕنده‌ی نه‌ڕه‌نه‌ركه‌ڕ، دانیان لێ‌ تیژكردووم. وه‌ک ئاو ڕژام. هه‌موو ئێسقانه‌كانم لێک جیابوونه‌ته‌وه‌. دڵم بووه‌ به‌ مۆم، له‌ ناوه‌ڕاستی ڕێخۆڵه‌مدا توواوه‌ته‌وه‌. هێزم وه‌ک پارچه‌ گۆزه‌ وشک بووه‌، زمانم به‌ مه‌ڵاشوومه‌وه‌ لكاوه‌، شۆڕت كردمه‌وه‌ نێو زه‌ویی مه‌رگ. چونكه‌ سه‌گ ده‌وریان داوم. كۆمه‌ڵی‌ به‌دكارێک ئابڵوقه‌یان داوم. ده‌ست و پێیان كون كردم. هه‌موو ئێسقانه‌كانم ژمێردرا، ئه‌وانیش ته‌ماشام ده‌كه‌ن تێمده‌ڕوانن. جلوبه‌رگه‌كه‌م له‌نێو خۆیان دابه‌ش ده‌كه‌ن، تیروپشک له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م ده‌كه‌ن. به‌ڵام تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، دوور مه‌كه‌وه‌. ئه‌ی هێزی من، زوو بگه‌ فریام.