لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 1:14-11

مه‌رقوس 1:14-11 PNTZS

جه‌ژنی په‌سخه‌ و ڕۆژانی فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌گه‌ڕان به‌ فێڵێک چۆن بیگرن و بیكوژن، به‌ڵام وتیان: نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل. له‌ بتعه‌نیا، له‌ ماڵی شیمعونی گول له‌سه‌ر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێكی بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های پێبوو، بوتڵه‌كه‌ی شكاند و به‌سه‌ریدا ڕژاند. هه‌ندێک زویر بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “بۆچی بۆنه‌كه‌ ئاوا به‌ فیڕۆ درا؟ ده‌توانرا ئه‌م بۆنه‌ به‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د دینار بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ هه‌ژاران”. جا سه‌رزه‌نشتی ژنه‌كه‌یان كرد. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ كارێكی چاكی بۆ من كرد!. چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، كه‌ی ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی، پێشوه‌خت له‌شمی بۆ كفنكردن چه‌وركرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یێندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، چووه‌ لای كاهینانی باڵا تاكو ئیشۆعیان ڕاده‌ست بكات. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێیدا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات.