لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 19:18-40

یوخه‌ننه‌ن 19:18-40 PNTZS

كاهینی باڵا ده‌رباره‌ی قوتابییه‌كانی و فێركردنه‌كه‌ی له‌ ئیشۆعی پرسی. ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “به‌ ئاشكرا بۆ جیهان دوام، من هه‌رده‌م له‌ كه‌نیشت و په‌رستگادا خه‌ڵكم فێرده‌كرد، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو جوو لێی كۆده‌بنه‌وه‌. هیچم به‌ نهێنی نه‌ووتووه‌. بۆچی پرس له‌ من ده‌كه‌یت؟ له‌وانه‌ بپرسه‌ كه‌ گوێیان لێبووه‌ چیم پێیان وتووه‌. ئه‌وانه‌ ده‌زانن من چیم وتووه‌”. كاتێ ئه‌مه‌ی فه‌رموو یه‌كێک له‌ ڕاژه‌وانان كه‌ له‌لای ڕاوه‌ستابوو زللـه‌یه‌كی له‌ ئیشۆع دا و وتی: “ئاوا وه‌ڵامی كاهینی باڵا ده‌ده‌یته‌وه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “ئه‌گه‌ر قسه‌ی خراپم كردووه‌، گه‌واهیی له‌سه‌ر خراپه‌كه‌ بده‌. ئه‌گه‌ر باشیشه‌، بۆچی لێم ده‌ده‌یت؟” ئینجا خه‌ننه‌ن به‌ به‌ستراوه‌یی بۆ قه‌یاپا كاهینی باڵای نارد. شیمعون په‌تڕۆسیش ڕاوه‌ستابوو، خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، پێیان وت: “تۆش له‌ قوتابییه‌كانی ئه‌و نیت؟” ئه‌ویش نكۆڵیی كرد و وتی: “من نیم!”. یه‌كێک له‌ كۆیله‌كانی كاهینی باڵا خزمی ئه‌وه‌بوو كه‌ په‌تڕۆس گوێی لێكرده‌وه‌، وتی: “ئه‌ی له‌ باخچه‌كه‌دا تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بینی؟” دیسان په‌تڕۆس نكۆڵیی كرد. یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر قوولاندی. به‌یانییه‌كه‌ی ئیشۆعیان له‌لای قه‌یاپاوه‌ بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایی برد. خۆیان نه‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی كۆشک، نه‌وه‌ک گڵاو ببن، به‌ڵكو بتوانن په‌سخه‌ بخۆن. پیڵاتوسیش هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: “چ سكاڵایه‌كتان له‌سه‌ر ئه‌م پیاوه‌ هه‌یه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و پێیان وت: “ئه‌گه‌ر خراپه‌كار نه‌بووایه‌، نه‌مانده‌دایه‌ ده‌ستته‌وه‌!” پیڵاتوسیش پێی وتن: “خۆتان بیبه‌ن، به‌گوێره‌ی ته‌وراتی خۆتان حوكمی بده‌ن”. جووه‌كان پێیان وت: “دروست نییه‌ ئێمه‌ كه‌س بكوژین”. تاكو فه‌رمووده‌ی ئیشۆع بێته‌ دی كه‌ ئاماژه‌ی كرد بۆ ئه‌و مردنه‌ی كه‌ ده‌مرێت. ئینجا پیڵاتوس چووه‌ نێو كۆشكه‌كه‌، بانگی ئیشۆعی كرد و پێی وت: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “له‌ خۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێی، یان خه‌ڵكی دیكه‌ باسی منیان بۆ كردووی؟” پیڵاتوس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “خۆ من جووم نیم؟ نه‌ته‌وه‌كه‌ت و كاهینانی باڵا تۆیان ڕاده‌ستی منیان كردووه‌. چیت كردووه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “شانشینیه‌كه‌م له‌م جیهانه‌دا نییه‌. ئه‌گه‌ر شانشینیه‌كه‌م له‌م جیهانه‌ بووایه‌، ڕاژه‌وانانم ده‌جه‌نگان تاكو ڕاده‌ستی جووه‌كان نه‌كرێم. به‌ڵام شانشینیه‌كه‌م لێره‌ نییه‌”. ئینجا پیڵاتوس پێی وت: “كه‌واته‌ تۆ پاشای؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “تۆ ده‌ڵێی كه‌ من پاشام. بۆیه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان، تاكو گه‌واهیی بۆ ڕه‌وا بده‌م. هه‌ر كه‌سێک له‌ ڕه‌واوه‌ بێت ده‌نگم ده‌بیستێت”. پیڵاتوس پێی وت: “ڕه‌وا چییه‌؟” كه‌ ئه‌مه‌ی وت دیسان بۆ لای جووه‌كان ده‌رچوو و پێی وتن: “یه‌ک خراپه‌ی تێدا نابینم. به‌ڵام نه‌ریتێكتان هه‌یه‌ كه‌ له‌ په‌سخه‌دا یه‌كێكتان بۆ ئازاد بكه‌م. ئایا ده‌تانه‌وێت پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” هه‌موویان هاواریان كرد و وتیان: “ئه‌مه‌ نا به‌ڵكو به‌ڕئه‌ببا!”. به‌ڕئه‌بباش دز بوو.