لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یوخه‌ننه‌ن 32:11-45

یوخه‌ننه‌ن 32:11-45 PNTZS

كاتێ مه‌ریه‌م گه‌یشته‌ ئه‌و شوێنه‌ی ئیشۆعی لێبوو و ئه‌وی بینی، به‌سه‌ر پێیدا كه‌وت و پێی وت: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر لێره‌ بووای، براكه‌م نه‌ده‌مرد”. ئیشۆعیش كه‌ بینی ده‌گریێت و ئه‌و جووانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی هاتبوون ده‌گریێن، كاری له‌ ڕووحی كرد و په‌شۆكا، فه‌رمووی: “له‌كوێتان داناوه‌؟” پێیان وت: “گه‌وره‌م، وه‌ره‌ و ببینه‌”. ئیشۆع گریا. جووه‌كانیش وتیان: “سه‌یركه‌ن چه‌ند خۆشیده‌ویست!” هه‌ندێكیان وتیان: “ئه‌مه‌ كه‌ چاوی نابیناكه‌ی كرده‌وه‌، ئایا نه‌یده‌توانی وای بكردایه‌ ئه‌میش نه‌مردایه‌؟”. دیسان ئیشۆع له‌ ناخه‌وه‌ كاری تێكرد و هاته‌ لای گۆڕه‌كه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێک بوو به‌ردێكی پێوه‌ نرابوو. ئیشۆع فه‌رمووی: “به‌رده‌كه‌ لاده‌ن”. مه‌رتای خوشكی مردووه‌كه‌ پێی وت: “گه‌وره‌م، بۆنی كردووه‌، چونكه‌ چوار ڕۆژه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌ی پێم نه‌ووتی: ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ بهێنیت شكۆی خودا ده‌بینیت؟” ئه‌وسا به‌رده‌كه‌یان لابرد، ئیشۆعیش چاوی هه‌ڵبڕیه‌ سه‌ره‌وه‌ و فه‌رمووی: “باوكه‌، سوپاست ده‌كه‌م كه‌ گوێت لێ گرتم. زانیم كه‌ تۆ هه‌میشه‌ گوێم لێ ده‌گریت. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌م ناوه‌ ڕاوه‌ستاون ئه‌مه‌م وت، تاكو باوه‌ڕ بهێنن كه‌ تۆ منت ناردووه‌”. كه‌ ئه‌مه‌ی فه‌رموو به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “له‌عازه‌ڕ، وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئه‌وسا مردووه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ده‌ست و قاچی به‌ كفن به‌سترابوو، ڕووشی به‌ ده‌سماڵێک پێچرابوو. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “بیكه‌نه‌وه‌، با بڕوات”. زۆر له‌ جووه‌كان، كه‌ بۆ لای مه‌ریه‌م هاتبوون، كاتێ ئه‌وه‌یان بینی كه‌ ئیشۆع كردی، باوه‌ڕیان پێی هێنا.