لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

عیبڕانییه‌كان 1:7-28

عیبڕانییه‌كان 1:7-28 PNTZS

چونكه‌ ئه‌م مه‌لكزده‌قه‌ پاشای شالمه‌ و كاهینی خودای هه‌ره‌به‌رزه‌ كاتێ ئه‌وڕاهه‌م له‌ به‌زاندنی پاشاكان گه‌ڕایه‌وه‌، پێشوازیی لێ كرد و داڕشتی كرد، ئه‌وه‌ی ئه‌وڕاهه‌م ده‌یه‌كی هه‌موو شتێكی بۆ جیا كرده‌وه‌. یه‌كه‌مجار ناوی به‌ واتای “پاشای خوداناسی” دێت، دواتر “پاشای شالم” واتا “پاشای ئاشتی”. بێ باوک و دایک، بێ ڕه‌چه‌ڵه‌كه‌، بێ سه‌ره‌تای ڕۆژان و پایانی ژیان، به‌ڵكو وه‌ک ڕۆڵه‌ی خودا وایه‌، تاهه‌تایه‌ به‌ كاهین ده‌مێنێته‌وه‌. سه‌یر بكه‌ن ئه‌مه‌ چه‌ند مه‌زن بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وڕاهه‌می بابه‌گه‌وره‌ ده‌یه‌كی ده‌ستكه‌وتی داوه‌تێ! به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌وه‌ی لیوین و كاهینیه‌تییان وه‌رگرتووه‌، ڕاسپارده‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات ده‌یه‌ک له‌ گه‌ل وه‌ربگرن، كه‌ برایانن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ پشتی ئه‌وڕاهه‌من. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ ڕه‌چه‌ڵه‌كی ئه‌وانیش نییه‌، ده‌یه‌كی له‌ ئه‌وڕاهه‌م وه‌رگرت و داڕشتی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ به‌ڵێنه‌كانی هه‌یه‌! بێ هیچ ده‌مه‌قاڵێیه‌ك: بچووكترین له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین داڕشت ده‌كرێت. لێره‌ش خه‌ڵكی كه‌ ده‌مرن ده‌یه‌ک وه‌رده‌گرن، به‌ڵام له‌وێ گه‌واهیی بۆ ده‌درێت كه‌وا زیندووه‌. ئاوا قسه‌یه‌ک ده‌كه‌م: ته‌نانه‌ت لیویش ده‌یه‌ک وه‌رده‌گرێ، خۆی ده‌یه‌كی به‌ ئه‌وڕاهه‌م داوه‌، چونكه‌ كاتێ مه‌لكزده‌ق پێشوازیی له‌ ئه‌وڕاهه‌م كرد، هێشتا لیوی له‌ پشتی باوكی بوو. ئه‌گه‌ر ته‌واوه‌تی به‌ كاهینیه‌تیی لیوی بووه‌، كه‌ گه‌لیش له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ته‌وراتی وه‌رگرت، پێویستی چی بوو كه‌ كاهینێكی دیكه‌ له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق، نه‌ک له‌ پله‌ی هاڕون په‌یدا بێت؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر كاهینیه‌تی بگۆڕێت، ئه‌وا پێویسته‌ ته‌وراتیش بگۆڕێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م باسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، سه‌ر به‌ هۆزێكی جیاوازه‌، له‌مه‌ كه‌س ڕاژه‌ی قوربانگای نه‌كردووه‌. كه‌ ئاشكرایه‌ په‌روه‌ردگارمان بۆ هۆزی ئيهوودا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ مووشێ هیچ باسێک ده‌رباره‌ی كاهینیه‌تی ئه‌م هۆزه‌ی نه‌كردووه‌. زۆر ڕوونتریشه‌، ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مه‌لكزده‌ق كاهینێكی دیكه‌ په‌یدا بێت، كه‌ به‌گوێره‌ی ته‌ورات ڕاسپارده‌ی جه‌سته‌یی دانه‌نرا، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی هێزی ژیانی نه‌فه‌وتاو. چونكه‌ گه‌واهیی ده‌دات: “تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق”. ئیتر ڕاسپارده‌ی پێشوو لابردرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لاواز و بێ سوود بوو چونكه‌ ته‌ورات هیچ شتێكی ته‌واو نه‌كرد به‌ڵكو هیوایه‌كی چاكتر هاته‌كایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌ خودا نزیک ده‌بینه‌وه‌. ئه‌مه‌ش بێ سوێند نه‌بوو. چونكه‌ ئه‌وان بێ سوێند بوونه‌ كاهین، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ سوێنده‌وه‌ بوو، له‌وه‌ی پێی فه‌رموو: “په‌روه‌ردگار سوێندی خواردووه‌ وپاشگه‌ز نابێته‌وه‌: تاهه‌تایه‌ تۆ كاهینیت، له‌ پله‌ی مه‌لكزده‌ق” به‌گوێره‌ی ئه‌م سوێنده‌ش ئیشۆع بووه‌ ده‌سته‌به‌ری په‌یمانێكی باشتر. كاهینه‌كان زۆربوون، چونكه‌ مه‌رگ بووه‌ كۆسپ له‌وه‌ی به‌رده‌وام بن. به‌ڵام ئه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ ده‌مینێته‌وه‌، كاهینیه‌تییه‌كی له‌ناونه‌چووی هه‌یه‌. له‌مه‌وه‌ش ده‌توانێ ئه‌وانه‌ به‌ ته‌واوی ڕزگار بكات كه‌ به‌هۆی ئه‌و ده‌چنه‌ لای خودا، ئه‌و هه‌میشه‌ زیندووه‌ تاكو داكۆكیان بۆ بكات. چونكه‌ كاهینێكی باڵای ئاوا له‌ ئێمه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌، پارسا و بێ خراپه‌ و بێ گڵاوی، له‌ گوناهباران جیاكرایه‌وه‌ و له‌ ئاسمان به‌رزتر كرا. ئه‌و ناچار نییه‌ وه‌ک كاهینانی باڵای دیكه‌ ڕۆژانه‌ قوربانی بكات، یه‌كه‌م بۆ گوناهه‌كانی خۆی و دوایی بۆ گوناهه‌كانی گه‌ل، چونكه‌ ئه‌مه‌ی به‌ جارێک كرد كه‌ خۆی پێشكه‌ش كرد. چونكه‌ ته‌ورات كه‌سانێک له‌ پێگه‌ی كاهینی باڵا داده‌نێت كه‌ لاوازییان هه‌یه‌، به‌ڵام وشه‌ی سوێند كه‌ دوای ته‌وراته‌، ڕۆڵه‌كه‌ داده‌نێت كه‌ تا جاویدان ته‌واوكراوه‌.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان