كردار 4
4
1 كاتێ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن قسه‌یان بۆ گه‌ل ده‌كرد، كاهینان و سه‌رۆكی سه‌ربازانی په‌رستگا و زادوقییه‌كان هاتنه لایان، 2 بێزار بوون، چونكه گه‌لیان فێرده‌كرد و له ئیشۆعدا هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووانیان ڕاده‌گه‌یاند. 3 بۆیه گرتیانن و تا به‌یانی له زیندانیان كردن، چونكه ده‌مه‌و ئێواره بوو. 4 زۆر له‌وانه‌ی قسه‌كانیان بیست باوه‌ڕیان هێنا و ژماره‌ی پیاوان گه‌یشته نزیكه‌ی پێنج هه‌زار.
5 بۆ به‌یانی پێشه‌وایان و پیران و ته‌وراتزانه‌كان له یروشلایم كۆبوونه‌وه، 6 له‌گه‌ڵ خه‌ننه‌ن كاهینی باڵا و قه‌یاپا و یوخه‌ننه‌ن و ئه‌سكه‌نده‌ر و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له تیره‌ی كاهینی باڵا بوون. 7 كاتێ په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان له‌ناوه‌ڕاست ڕاگرت، پرسیان لێ‌كردن: “به چ هێزێک و به چ ناوێک ئه‌مه‌تان كرد؟” 8 جا په‌تڕۆس پڕبوو له ڕووحی پارسا، پێی وتن: “ئه‌ی پێشه‌وایانی گه‌ل و ئه‌ی پیران، 9 ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر چاكه‌یه‌ک بۆ په‌ككه‌وته‌یه‌ک كراوه لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به چی چاكبووه‌ته‌وه، 10 با له‌لای هه‌مووتان و هه‌موو گه‌لی ئیسڕائیل زانراو بێت، به ناوی ئیشۆعی مه‌سیحی ناسڕه‌تی، ئه‌وه‌ی ئێوه له‌خاچتان دا و خودا‌ش له‌نێو مردووان‌دا هه‌ستاندیه‌وه، ئه‌م كابرایه به‌و ته‌ندروستییه له‌به‌رده‌متان ڕاوه‌ستاوه. 11 ئه‌مه ئه‌و {به‌رده‌یه كه ئێوه‌ی وه‌ستا سووكایه‌تیان پێ كرد، ئه‌وه‌ی بووه به‌ردی قولینچك}. 12 بێجگه له‌و ڕزگاربوون نییه، چونكه ناوێكی دیكه له ژێر ئاسماندا نییه له‌نێو خه‌ڵكدا درابێت، به‌وه‌وه ڕزگار بین”.
13 كاتێ ئازایه‌تی په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیان بینی و زانییان كه‌سێكی بێ ڕۆشنبیری و ساده‌ن، سه‌رسام بوون، زانییان كه له‌گه‌ڵ ئیشۆعدا بوونه. 14 به‌ڵام كه ئه‌و پیاوه‌یان بینی له‌گه‌ڵیان ڕاوه‌ستابوو، ئه‌وه‌ی چاكبووه‌وه، هیچیان نه‌بوو وه‌ڵامی پێ بده‌نه‌وه. 15 ئه‌وسا فه‌رمانیان پێدان له سه‌نهه‌دریم بڕۆنه ده‌ره‌وه و له‌نێو خۆیاندا پیلانیان گێڕا و وتیان: 16 “چی له‌م دوو پیاوه بكه‌ین؟ چونكه ئاشكرایه بۆ هه‌موو دانیشتووانی یروشلایم كه په‌رجوێكی به‌رچاو به‌هۆی ئه‌مانه‌وه كراوه، ناتوانین نكۆڵی لێ بكه‌ین. 17 به‌ڵام نه‌وه‌ک زیاتر له‌نێو گه‌ل بڵاو بێته‌وه، هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كه‌ین ئیتر له‌لای خه‌ڵک باسی ئه‌م ناوه نه‌كه‌ن”. 18 ئینجا بانگیان كردن و ڕایانسپاردن كه هه‌رگیز به ناوی ئیشۆع ده‌م نه‌كه‌نه‌وه و كه‌سیش فێرنه‌كه‌ن.
19 په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌نیش وه‌ڵامیان دایه‌وه و وتیان: “ئێوه حوكم بده‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاسته له‌به‌رده‌م خودا گوێ له ئێوه بگرین زیاتر له خودا. 20 چونكه ئه‌وه‌ی ئێمه بینیوومانه و بیستوومانه ناتوانین باسی نه‌كه‌ین”. 21 دوای هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر، به‌ریاندان، له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه نه‌یانزانی چۆن سزایان بده‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو، چونكه هه‌موو خودایان شكۆدار ده‌كرد. 22 چونكه ئه‌و پیاوه‌ی ئه‌م په‌رجوه‌ی چاكبوونه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتبوو له چل ساڵ زیاتر بوو.
23 كه به‌ربوون، هاتنه لای هاوڕێیه‌كانیان و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كاهینانی باڵا و پیران پێیان وتبوون بۆیان گێڕانه‌وه. 24 كه ئه‌مه‌یان بیست، به یه‌ک دڵ هاواریان بۆ خودا كرد و وتیان: “ئه‌ی گه‌وره، تۆی خوداوه‌ندی دروستكاری ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا و هه‌موو ئه‌وانه‌ی تیایاندایه. 25 له‌سه‌ر زاری داویدی ڕاژه‌وانت فه‌رمووت: {بۆچی نه‌ته‌وه‌كان وروژاون وگه‌لان بیری ناڕه‌وا ده‌كه‌ن؟ 26 پاشایانی زه‌وی هه‌ستان، سه‌رۆكه‌كان پێكه‌وه كۆبوونه‌وه دژی په‌روه‌ردگار و مه‌سیحه‌كه‌ی}. 27 چونكه به ڕاستی، هیڕوودس و پیڵاتوسی پونتی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه و گه‌لانی ئیسڕائیل دژی ئیشۆع یه‌كیان گرت، ڕاژه‌وانه پارساكهت، ئه‌وه‌ی كه ده‌ستنیشانت كرد، 28 تاكو هه‌رچی له‌پێشا ده‌ستت و خواستت نه‌خشه‌ی بۆ كێشابوو بیكه‌ن. 29 ئێستاش په‌روه‌ردگار، سه‌یری هه‌ڕه‌شه‌كانیان بكه، به كۆیله‌كانی خۆت ببه‌خشه كه به‌وپه‌ڕی ئاشكرایی به فه‌رمووده‌كانت بدوێن، 30 كاتێ ده‌ستت ده‌به‌یت تاكو چاكبوونه‌وه و نیشانه و په‌رجو به ناوی ئیشۆعی ڕاژه‌وانی پارساته‌وه بكرێت”. 31 كاتێ نوێژیان ده‌كرد، ئه‌و شوێنه‌ی تیایدا كۆببوونه‌وه له‌رزی و هه‌موو له ڕووحی پارسا پڕبوون، ئاشكرا به وشه‌ی خودا ده‌دووان.
32 كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران یه‌ک دڵ و گیان بوون، كه‌س نه‌یده‌ووت ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی هی خۆیه‌تی، به‌ڵكو هه‌موو شتێكیان هاوبه‌ش بوو. 33 په‌یامبه‌ران به هێزێكی مه‌زن گه‌واهیی هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆعی په‌روه‌ردگاریان ده‌دا، به‌خششێكی گه‌وره‌ش به‌سه‌ر هه‌موویانه‌وه بوو. 34 كه‌سی نه‌بوونیان تێدا نه‌بوو، چونكه هه‌موو ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كێڵگه و ماڵ بوون ده‌یانفرۆشت، پاره‌كه‌یان ده‌هێنا و 35 له‌به‌رپێی په‌یامبه‌ران دایانده‌نا، ئه‌وانیش دابه‌شیان ده‌كرد، هه‌ر یه‌كێک به‌گوێره‌ی پێویستی. 36 یۆسپ، لیوییه‌كی ڕه‌گه‌ز قوبڕسییه، كه په‌یامبه‌ران ناویان لێنا به‌رنڤا، واتا ڕۆڵه‌ی هانده‌ر، 37 كێڵگه‌یه‌كی هه‌بوو، فرۆشتی و پاره‌كه‌ی هێنا، خستییه به‌رپێی په‌یامبه‌ران.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
كردار 4: PNTZS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
![None](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimageproxy.youversionapi.com%2F58%2Fhttps%3A%2F%2Fweb-assets.youversion.com%2Fapp-icons%2Fckb.png&w=128&q=75)
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
© Bible Society in Lebanon (2017)
کۆمەڵگەی پەرتووکی پیرۆز لە لوبنان ٢٠١٧