لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 22:16-37

كردار 22:16-37 PNTZS

ئیتر كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێكڕا لێیان هه‌ستان و فه‌رمانڕه‌واكان جله‌كانیان دڕاند و فه‌رمانیان دا داركاری بكرێن. جا زۆر داركارییان كردن و خستیاننه‌ زیندانه‌وه‌، چاودێری زیندانه‌كه‌یان ڕاسپارد كه‌ به‌ توندی پاسه‌وانیان بكات. ئه‌ویش كه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی وه‌رگرت، فڕێیدانه‌ نێو قووڵایی زیندانه‌كه‌ و پێیانی خسته‌ نێو كۆته‌وه‌. له‌ نیوه‌ی شه‌ودا پۆڵۆس و شیلا نوێژیان ده‌كرد و ستایشی خودایان ده‌كرد، به‌ندكراوانیش گوێیان لێبو. له‌ناكاو بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا، گۆشه‌كانی زیندانه‌كه‌ی هه‌ژاند، یه‌كسه‌ر هه‌موو ده‌رگاكان كرانه‌وه‌ و كۆتی هه‌مووان كرایه‌وه‌. كه‌ چاودێری زیندانه‌كه‌ به‌ ئاگا هات و بینی ده‌رگاكانی زیندانه‌كه‌ كراونه‌ته‌وه‌، شمشێری هه‌ڵكێشا به‌ته‌مابوو خۆی بكوژێت، وایزانی به‌ندكراوان ڕایانكردووه‌. پۆڵۆس به‌ده‌نگێكی مه‌زن هاواری كرد: “هیچ له‌ خۆت مه‌كه‌! هه‌موومان لێره‌ین!”، ئه‌ویش داوای ڕووناكی كرد، چووه‌ ژووره‌وه‌ و ده‌له‌رزی، له‌به‌رده‌م پۆڵۆس و شیلا چۆكی دادا. ئه‌وسا بردنییه‌ ده‌ره‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌كانم، پێویسته‌ چی بكه‌م تاكو ڕزگارم بێت؟” وتیان: “باوه‌ڕ به‌ په‌روه‌ردگار ئیشۆعی مه‌سیح بهێنه‌، خۆت و خانه‌واده‌كه‌ت ڕزگارتان ده‌بێت”. جا به‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار بۆ خۆی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌یدا بوون دووان. ئیتر له‌و كاته‌ی شه‌و بردنی و برینه‌كانی تیماركردن، یه‌كسه‌ر خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی عه‌مادكران. ئینجا بردنییه‌ ماڵ و خواردنی بۆ دانان، خۆی و هه‌موو خێزانه‌كه‌ی زۆر دڵشادبوون، كه‌ باوه‌ڕیان به‌ خودا هێنا. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌واكان پۆلیسیان نارد و وتیان: “ئه‌و دوو پیاوه‌ ئازاد بكه‌”. چاودێری زیندان ئه‌م هه‌واڵه‌ی دایه‌ پۆڵۆس كه‌ فه‌رمانڕه‌وایان ناردوویانه‌ كه‌ ئازاد بكرێن، بۆیه‌ ئێستا وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ئاشتی بڕۆن. جا پۆڵۆس پێی وتن: “بێ حوكمدان به‌ ئاشكرا داركارییان كردین و فڕێیانداینه‌ زیندان، ئێمه‌ش هاوڵاتیی ڕۆمانین، ئایا ئێستاش به‌ نهێنی قاومان ده‌ده‌ن؟ نه‌خێر! به‌ڵكو با خۆیان بێن ده‌رمان بهێنن”.