لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1:15-12

كردار 1:15-12 PNTZS

هه‌ندێ كه‌س له‌ ئیهووده‌وه‌ بۆ ئینتیاكیا هاتن و برایانیان فێرده‌كرد: “ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ خروسه‌بڕان نه‌كرێن، ناتوانن ڕزگاربن”. كاتێ ده‌مه‌قاڵه‌ و مشتومڕێكی زۆر له‌لایه‌ن پۆڵۆس و به‌رنڤا له‌گه‌ڵ ئه‌وان ڕوویدا، پۆڵۆس و به‌رنڤا له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دیاری كران، تاكو سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بۆ لای په‌یامبه‌ران و پیران به‌ره‌و یروشلایم سه‌ربكه‌ون. پاش ئه‌وه‌ی وارگه‌ ماڵئاواییان لێكردن، به‌ نێو پۆنیقێ و شمرندا تێپه‌ڕین، باسیان ده‌كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌كانیش گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، جا شادییه‌كی زۆریان له‌نێو هه‌موو برایاندا بڵاو ده‌كرده‌وه‌. كاتێ له‌ یروشلایمدا ئاماده‌بوون، وارگه‌ و په‌یامبه‌ران و پیران پێشوازییان لێكردن، ئه‌وانیش هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان پێدان كه‌ خودا به‌هۆیانه‌وه‌ كردبووی. به‌ڵام هه‌ندێک له‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ڕێبازی په‌ڕیشییه‌كان بوون و باوه‌ڕیان هێنابوو، هه‌ستان و وتیان: “ده‌بێت ئه‌وانه‌ خروسه‌بڕان بكرێن و فه‌رمانیان پێ بكرێت كه‌ كار به‌ ته‌وراتی مووشێ بكه‌ن”. جا په‌یامبه‌ران و پیران بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ كۆبوونه‌وه‌. پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر، په‌تڕۆس هه‌ستا و پێی وتن: “برایان، ئێوه‌ ده‌زانن پێش ماوه‌یه‌ک، خودا له‌نێو ئێمه‌دا هه‌ڵیبژارد كه‌ له‌ ده‌می منه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌كان په‌یامی ئینجیل ببیستن و باوه‌ڕ بهێنن. خودای دڵناس، گه‌واهیی بۆیان دا به‌ به‌خشینی ڕووحی پارسا به‌وانیش هه‌روه‌ک به‌ ئێمه‌. به‌ هیچ شتێک جیاوازی له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌واندا نه‌كردووه‌، به‌ باوه‌ڕ دڵی ئه‌وانیشی بێگه‌رد كردووه‌ته‌وه‌. ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نیرێک ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی قوتابییه‌كان، ئه‌وه‌ی نه‌ باوكانمان و نه‌ خۆمان توانیمان هه‌ڵیبگرین؟ به‌ڵام باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ به‌خششی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار ڕزگار ده‌بین، هه‌روه‌ها ئه‌وانیش”. ئیتر هه‌موو جه‌ماوه‌ره‌كه‌ بێده‌نگ بوون و گوێیان له‌ به‌رنڤا و پۆڵۆس گرت، باسی ئه‌و په‌رجوو و نیشانانه‌یان ده‌كرد كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان له‌نێو نه‌ته‌وه‌كان ئه‌نجامی داوه‌.