لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1:13-22

كردار 1:13-22 PNTZS

له‌ ئینتیاكیا له‌نێو وارگه‌دا پێغه‌مبه‌ر و ڕابی هه‌بوون: به‌رنڤا و شیمعونی ناسراو به‌ نیجه‌ر، لوقیئیوسی قه‌ورینێیی، مه‌ناینی شیربرای هیڕوودسی تیترارک، له‌گه‌ڵ شاوول. كاتێ په‌روه‌ردگاریان ده‌په‌رست و به‌ڕۆژووبوون، ڕووحی پارسا فه‌رمووی: “به‌رنڤا و شاوولم بۆ ته‌رخان بكه‌ن، بۆ ئه‌و كاره‌ی بانگم كردوون بۆی”. ئینجا به‌ڕۆژوو بوون و نوێژیان كرد، ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و به‌ڕێیانكردن. ئه‌وانیش كه‌ به‌ ڕووحی پارسا نێردران، به‌ره‌و سولوكیه‌ دابه‌زین و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا بۆ قوبڕس. كاتێ گه‌یشتنه‌ سه‌لامینا، وشه‌ی خودایان له‌ كه‌نیشته‌كانی جوو ڕاگه‌یاند، یوخه‌ننه‌نیش وه‌ک ڕاژه‌وان له‌گه‌ڵیان بوو. به‌ دوورگه‌كه‌دا گه‌ڕان تاكو گه‌یشتنه‌ پاپۆس. له‌وێ تووشی جادووگه‌رێكی جوو بوون پێغه‌مبه‌رێكی درۆزن بوو، ناوی به‌ڕشووما بوو، له‌گه‌ڵ فه‌رمانڕه‌وا سرجیۆس پۆڵۆس، كه‌ پیاوێكی تێگه‌یشتوو بوو. به‌رنڤا و شاوولی بانگكرد، داوای كرد گوێی له‌ وشه‌ی خودا بێت. به‌ڵام عه‌لیمی جادووگه‌ر ئه‌مه‌ ناوه‌كه‌ی بوو به‌ربه‌ره‌كانێی كردن و هه‌وڵی دا فه‌رمانڕه‌وا له‌ باوه‌ڕ لابدات. كه‌چی شاوول كه‌ پۆڵۆسی پێ ده‌ووترا، پڕبوو له‌ ڕووحی پارسا و تێیڕووانی، وتی: “ئه‌ی پڕ له‌ هه‌موو فریو و فێڵ! ڕۆڵه‌ی ئیبلیس! دوژمنی هه‌موو خوداناسییه‌ک! له‌ چه‌وتكردنی ڕێگای ڕاستی خودا ناوه‌ستی؟ ئه‌وه‌تا ده‌ستی په‌روه‌ردگارت له‌سه‌ره‌ و كوێر ده‌بیت، بۆ ماوه‌یه‌ک خۆر نابینی”. یه‌كسه‌ر ته‌م و تاریكی دایپۆشی و گه‌ڕا به‌دوای یه‌كێک تاكو ده‌ستی بگرێت. كاتێ فه‌رمانڕه‌واكه‌ بینی چی ڕوویدا، باوه‌ڕی هێنا، له‌ فێركردنه‌كه‌ی په‌روه‌ردگار سه‌رسام بوو. پۆڵۆس و هاوڕێیانی به‌ ده‌ریادا له‌ پاپۆسه‌وه‌ چوونه‌ په‌رجه‌ له‌ په‌مپۆلیا. به‌ڵام یوخه‌ننه‌ن لێیان جیابووه‌وه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ یروشلایم. ئه‌وانیش به‌ په‌رجه‌دا هاتنه‌ ئینتیاكیای پیسیدیه، شه‌ممه‌ش چوونه‌ كه‌نیشت و دانیشتن. پاش خوێندنه‌وه‌ی ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران، پێشه‌وایانی كه‌نیشته‌كه‌ بۆیان ناردن و پێیان وتن: “برایان، ئه‌گه‌ر شتێكتان هه‌یه‌ گه‌لی پێ ئامۆژگاری بكه‌ن، بیڵێن”. پۆڵۆس هه‌ستا و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی كرد، وتی: “پیاوانی ئیسڕائیل و ئه‌وانه‌ی له‌ خودا ده‌ترسن، گوێبگرن! خودای ئه‌م گه‌له‌ی ئیسڕائیل باوكانمانی هه‌ڵبژارد و له‌ كاتی ئاواره‌بوونیان له‌ خاكی میسڕدا گه‌لی پایه‌ به‌رز كرد، به‌ بازووێكی به‌رزیشه‌وه‌ له‌وێ ده‌ریهێنان. نزیكه‌ی چل ساڵیش له‌ چۆڵه‌وانی به‌رگه‌ی گرتن. ئینجا حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی له‌ زه‌ویی كه‌نعان له‌ناوبرد و زه‌وییه‌كه‌یانی به‌ تیروپشک دابه‌ش كردن. ئه‌مه‌ هه‌مووی نزیكه‌ی چوار سه‌د و په‌نجا ساڵی خایاند. دوای ئه‌مه‌ خودا دادوه‌ری بۆ دانان تاكو شمووئێل پێغه‌مبه‌ر. ئینجا داوای پاشایان كرد، خوداش شاوولی كوڕی قیشی پێدان، پیاوێكه‌ له‌ تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كردن. پاشان لایبرد و داویدی كرده‌ پاشایان، ئه‌وه‌ی گه‌واهیی بۆ دا و فه‌رمووی: {ده‌بینم داویدی كوڕی ئیشه‌ی، پیاوێكه‌ به‌ دڵی خۆمه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو خواستی من جێبه‌جێ ده‌كات} .