لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 1:12-19

كردار 1:12-19 PNTZS

له‌و كاته‌دا شا هیڕوودس ده‌ستی درێژكرد بۆ ئه‌زیه‌ت دانی چه‌ند كه‌سێكی وارگه‌. یاقووی برای یوخه‌ننه‌نی به‌ شمشێر كوشت. كه‌ بینی ئه‌مه‌ جێی ڕه‌زامه‌ندی جووه‌كانه‌، په‌تڕۆسیشی گرت، ئه‌مه‌ش له‌ ڕۆژانی فه‌تیره‌دا بوو. كاتێ گرتی، خستییه‌ زیندان، بۆ پاسه‌وانیكردنی ڕاده‌ستی چوار كۆمه‌ڵی چوار سه‌ربازیی كرد، به‌ته‌مابوو دوای په‌سخه‌ بیهێنێته‌ به‌رده‌م گه‌ل. بۆیه‌ كه‌ په‌تڕۆس زیندان كرابوو، وارگه‌ به‌ گوڕ له‌ پێناوی ئه‌و نوێژیان بۆ خودا ده‌كرد. به‌ڵام كاتێ هیڕوودس به‌ته‌مابوو بیهێنێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌و شه‌وه‌دا په‌تڕۆس له‌نێوان دوو سه‌ربازدا نووستبوو، به‌ دوو زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، له‌به‌رده‌رگاش پاسه‌وان هه‌بوو، پاسه‌وانیی زیندانه‌كه‌یان ده‌كرد. له‌پڕ فریشته‌یه‌كی په‌روه‌ردگار هات و ڕووناكی له‌نێو خانووه‌كه‌دا دره‌وشایه‌وه‌، جا كه‌له‌كه‌ی په‌تڕۆسی جوڵاند و خه‌به‌ری كرده‌وه‌و فه‌رمووی: “خێرا هه‌سته‌!”. ئیتر زنجیره‌كان له‌ ده‌سته‌كانی كه‌وتن. فریشته‌كه‌ پێی فه‌رموو: “پشتێنه‌كه‌ت ببه‌سته‌ و سۆله‌كانت له‌ پێ بكه‌!” ئه‌ویش كردی. ئینجا پێی فه‌رموو: “كراسه‌كه‌ت له‌به‌ربكه‌ و دوام بكه‌وه‌”. ئه‌ویش ده‌رچوو و دوای كه‌وت، نه‌یده‌زانی ئه‌وه‌ی به‌هۆی فریشته‌كه‌وه‌ ڕووده‌دات ڕاسته‌، به‌ڵكو وایده‌زانی بینینێک ده‌بینێت. پاسه‌وانگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌میان بڕی و گه‌یشتنه‌ ده‌روازه‌ ئاسنینه‌كه‌ی به‌ره‌و شار، له‌ خۆیه‌وه‌ بۆیان كرایه‌وه‌، ده‌رچوون و شه‌قامێكیان بڕی، یه‌كسه‌ر فریشته‌كه‌ به‌جێیهێشت. ئینجا په‌تڕۆس به‌خۆیدا هاته‌وه‌ و وتی: “ئێستا به‌ ڕاستی زانیم كه‌ په‌روه‌ردگار فریشته‌كه‌ی نارد و له‌ ده‌ستی هیڕوودس و هه‌موو ئه‌وه‌ی گه‌لی جوو چاوه‌ڕێی بوو ده‌ربازی كردم”. كه‌ ئه‌مه‌ تێگه‌یشت، هاته‌ ماڵی مه‌ریه‌می دایكی یوخه‌ننه‌ن كه‌ پێی ده‌ووترا مه‌رقوس، زۆر كه‌س له‌وێدا كۆببوونه‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد. كه‌ په‌تڕۆس له‌ ده‌رگای داڵانه‌كه‌ی دا، كه‌نیزه‌یه‌ک هات ناوی ڕه‌ودا بوو تاكو بزانێت. كاتێ ده‌نگی په‌تڕۆسی ناسییه‌وه‌ له‌ خۆشیان ده‌رگاكه‌ی نه‌كرده‌وه‌، به‌ڵكو ڕایكرده‌ ژووره‌وه‌ و خه‌به‌ری دا كه‌ په‌تڕۆس له‌به‌رده‌رگا ڕاوه‌ستاوه‌. پێیان وت: “وڕێنه‌ ده‌كه‌یت!”. به‌ڵام ئه‌و سووربوو كه‌ وایه‌، جا وتیان: “ئه‌وه‌ فریشته‌كه‌یه‌تی!”. په‌تڕۆسیش له‌ لێدانه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو، كاتێ لێیان كرده‌وه‌ و بینییان، سه‌رسامبوون. به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ كردن بێده‌نگ بن، ئینجا بۆی گێڕانه‌وه‌ چۆن په‌روه‌ردگار له‌ زیندان ده‌ریهێنا و وتی: “ئه‌مه‌ به‌ یاقووی برایان بڵێن”. ئینجا ده‌رچوو و بۆ شوێنێكی دیكه‌ ڕۆیشت. كه‌ ڕۆژ‌بووه‌وه‌ ئاژاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌نێو سه‌ربازه‌كاندا دروست بوو: ئاخۆ په‌تڕۆس چی لێهات؟ كاتێ هیڕوودس داوایكرد و نه‌یدۆزییه‌وه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ربازان كرد و فه‌رمانی دا بكوژرێن. ئینجا له‌ ئیهوودوه‌ چووه‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ و له‌وێ مایه‌وه‌.