لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

كردار 25:10-47

كردار 25:10-47 PNTZS

كاتێ په‌تڕۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، قورنیلیوس پێشوازی لێكرد و له‌به‌رپێی كه‌وت و كڕنۆشی برد. په‌تڕۆس هه‌ڵیستاند و وتی: “هه‌سته‌! منیش مرۆڤێكم!” كاتێ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد چووه‌ ژووره‌وه‌ و خه‌ڵكێكی زۆری بینی كۆبوونه‌ته‌وه‌، پێی وتن: “خۆتان ده‌زانن بۆ جوو ڕێ پێنه‌دراوه‌ تێكه‌ڵاوی بێگانه‌ بێت یان بچێته‌ لای. به‌ڵام من خودا پیشانی دام به‌ هیچ مرۆڤێک نه‌ڵێم پیس یان گڵاو. بۆیه‌ كه‌ بانگهێشتتان كردم بێ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین هاتم. پرسیش ده‌كه‌م، بۆچی منتان بانگهێشت كرد؟” قورنیلیوس وتی: “چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕۆژووم تاكو ئێستاش، له‌ كاژێر نۆ له‌ ماڵی خۆم نوێژم ده‌كرد. له‌پڕ پیاوێک به‌ جلی بریسكه‌داره‌وه‌ له‌به‌رده‌مم ڕاوه‌ستا، فه‌رمووی: قورنیلیوس نوێژه‌كانت بیستران و خێره‌كانت له‌به‌رده‌م خودا یادكرانه‌وه‌. بۆیه‌ بۆ یۆپێ به‌دوای شیمعوندا بنێره‌ كه‌ نازناوی په‌تڕۆسه‌. له‌ ماڵی شیمعونی پێسته‌خۆشكه‌ره‌، له‌سه‌ر ده‌ریا. ئه‌و هه‌ر كه‌ هات قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات منیش یه‌كسه‌ر به‌دوامدا ناردی، تۆش چاكت كرد كه‌ هاتی. ئێستاش هه‌موومان له‌به‌رده‌م خودا ئاماده‌ین، تاكو گوێبگرین له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگار فه‌رمانی پێكردووی”. په‌تڕۆس زاری كرده‌وه‌ و وتی: “له‌ڕاستیدا من وا ده‌بینم كه‌ خودا جوداخوازی كه‌س ناكات، به‌ڵكو له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی ترسی ئه‌وی له‌ دڵدا بێت و كاری خوداناسی بكات، له‌لای په‌سه‌نده‌. ئه‌و وشه‌یه‌ی بۆ نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی نارد، موژده‌ی ئاشتییه‌ به‌ ئیشۆعی مه‌سیح، ئه‌وه‌ی په‌روه‌ردگاری هه‌مووانه‌. ئێوه‌ ئه‌و شتانه‌ ده‌زانن كه‌ له‌ هه‌موو ئیهوود ڕوویدا، به‌ ده‌ستپێكردن له‌ گلیلاوه‌، دوای ئه‌وه‌ی یوخه‌ننه‌ن بانگه‌وازی عه‌مادكردنه‌كه‌ی كرد، چۆن خودا به‌ ڕووحی پارسا و هێز ئیشۆعی ناسڕه‌تیی ده‌ستنیشان كرد، ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕا و چاكه‌ی ده‌كرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیبلیس به‌سه‌ریاندا زاڵ ببوو چاكی ده‌كردنه‌وه‌، چونكه‌ خودا له‌گه‌ڵی بوو. ئێمه‌ گه‌واهیده‌ری هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه‌ له‌ ناوچه‌ی ئیهوود و یروشلایم كردی. ئه‌وه‌ی به‌ هه‌ڵواسینی به‌ داره‌وه‌ كوشتیان، به‌ڵام خودا له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و ڕێگای دا ده‌ركه‌وێت، نه‌ک بۆ هه‌موو گه‌ل، به‌ڵكو بۆ ئه‌و گه‌واهیده‌رانه‌ی كه‌ خودا پێشتر هه‌ڵیبژاردن، بۆ ئێمه‌ كه‌ پاش هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، له‌گه‌ڵیدا خواردمان و خواردمانه‌وه‌. ئینجا ڕایسپاردین بۆ گه‌ل ڕابگه‌یێنین و گه‌واهی بده‌ین كه‌ خودا ئه‌می به‌ دادوه‌ری زیندووان و مردووان داناوه‌. هه‌موو پێغه‌مبه‌ران گه‌واهیی بۆ ده‌ده‌ن كه‌ هه‌ر كه‌سێک باوه‌ڕی پێ بهێنێت، به‌خشینی گوناهه‌كانی به‌ ناوی ئه‌و ده‌ست ده‌كه‌وێت”. كاتێ په‌تڕۆس باسی ئه‌م شتانه‌ی ده‌كرد، ڕووحی پارسا ڕژایه‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی وشه‌كه‌یان ده‌بیست. ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌ خروسه‌بڕاوان بوون سه‌ریان سوڕما، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ په‌تڕۆس بوون، چونكه‌ به‌هره‌ی ڕووحی پارسا به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانیشدا ڕژا، چونكه‌ گوێیان لێیان بوو به‌ زمانه‌كان ده‌دووێن و ستایشی خودا ده‌كه‌ن. ئینجا په‌تڕۆس وتی: “كه‌س هه‌یه‌ ڕێگا بگرێت له‌ ئه‌مانه‌ی وه‌ک ئێمه‌ ڕووحی پارسایان وه‌رگرتووه‌ له‌ ئاو عه‌ماد نه‌كرێن؟