لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 3:15-22

یه‌كه‌م قۆرنتێ 3:15-22 PNTZS

چونكه‌ ئه‌وه‌م ڕاده‌ست كردن كه‌ منیش وه‌رمگرتبوو: كه‌وا مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی سیپاره‌كان و نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی سیپاره‌كان، ئینجا بۆ كیپه‌ و دوایی بۆ دوازده‌كه‌ ده‌ركه‌وت. پاش ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك جار بۆ زیاتر له‌ پێنج سه‌د برا ده‌ركه‌وت، زۆربه‌یان تا ئێستا ماون، به‌ڵام هه‌ندێكیان نووستن، دوای ئه‌وه‌ بۆ یاقوو ده‌ركه‌وت، ئینجا بۆ هه‌موو په‌یامبه‌ران، پاش هه‌مووان بۆ منیش ده‌ركه‌وت، من وه‌ك منداڵێكی له‌ كاتی نائاسایی له‌دایكبوو بووم. چونكه‌ من بچووكترینی په‌یامبه‌رانم، كه‌وا شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌ په‌یامبه‌ر ناوببردرێم، چونكه‌ من وارگه‌ی خودام چه‌وسانده‌وه‌. به‌ڵام به‌ به‌خششی خودا من ئێستا وام، هه‌روه‌ها به‌خششی ئه‌و بۆ من بێ سوود نه‌بوو، به‌ڵكو من له‌ هه‌موویان ماندووتر بووم، به‌ڵام من نا، به‌ڵكو به‌خششی خودا بوو كه‌ له‌گه‌ڵمدایه‌. ئیتر من بم یاخود ئه‌وان، ئاوا بانگه‌واز ده‌كه‌ین و ئاواش باوه‌ڕتان هێنا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بانگه‌واز ده‌كرێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا موژده‌دانمان ناڕه‌وایه‌، باوه‌ڕی ئێوه‌ش ناڕه‌وایه‌. ئێمه‌ش ده‌بینه‌ گه‌واهیده‌ری درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا گه‌واهیمان دا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وا نه‌یهه‌ستاندۆته‌وه‌‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان ناڕه‌وایه‌ و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتان دان! كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌سیحدا نووستن له‌ناوچوونه‌! ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین. به‌ڵام مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان. جا چۆن مه‌رگ به‌ مرۆڤێك بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌ مرۆڤێكه‌. هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌مدا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیحدا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌.