لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م قۆرنتێ 12:15-34

یه‌كه‌م قۆرنتێ 12:15-34 PNTZS

به‌ڵام ئه‌گه‌ر بانگه‌واز ده‌كرێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا موژده‌دانمان ناڕه‌وایه‌، باوه‌ڕی ئێوه‌ش ناڕه‌وایه‌. ئێمه‌ش ده‌بینه‌ گه‌واهیده‌ری درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا گه‌واهیمان دا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وا نه‌یهه‌ستاندۆته‌وه‌‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان ناڕه‌وایه‌ و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتان دان! كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌سیحدا نووستن له‌ناوچوونه‌! ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین. به‌ڵام مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان. جا چۆن مه‌رگ به‌ مرۆڤێك بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌ مرۆڤێكه‌. هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌مدا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیحدا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌مجار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن، دوای ئه‌مه‌ پایان دێت، كاتێ پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوک، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌موو هێزێك پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ ده‌بێ پاشایه‌تی بكات، تاكو هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. دوا دوژمن كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێت، مه‌رگه‌. چونكه‌ هه‌موو شتێكی خستۆته‌ ژێر پێی. به‌ڵام كاتێ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌موو شتێك ملكه‌چ بووه‌} ، ڕوونه‌ كه‌وا جگه‌ له‌ خودایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌. كاتێ هه‌مووی ملكه‌چی ده‌بێت، ئه‌وسا ڕۆڵه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێكدا. ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن؟ بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ من ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك له‌ ئه‌پیسۆسدا به‌ره‌نگاری دڕندان بوومایه‌وه‌، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بێت و مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌: “با بخۆین و بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین”. هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: “په‌یوه‌ندی خراپ، ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات” هۆشمه‌ند بن بۆ خوداناسی و گوناه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانینتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم!