پەیدابوون 37
37
خەونەکانی یوسف
1یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.
2ئەمە چیرۆکی نەوەکانی یاقوبە.
یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی کە دەکاتە کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی، شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد. یوسف هەڵسوکەوتە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.
3ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. 4کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموویان خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی دەبووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.
5یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە. 6پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە: 7لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەڵۆ#37:7 پڕی باوەشێک لە دەغڵی دووراو. کۆکردنەوە بووین، لەناکاو مەڵۆیەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەڵۆیەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»
8براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر لەبەر قسە و خەونەکانی، زیاتر ڕقیان لێ بووەوە.
9ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە و گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»
10کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟» 11براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.
فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە
12براکانی یوسف بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان، چوون بۆ دەوروبەری شەخەم. 13ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.»
ئەویش گوتی: «باشە.»
14ئینجا پێی گوت: «بڕۆ و بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، ئینجا وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد.
کە یوسف چوو بۆ شەخەم، 15پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»
16ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانن؟»
17پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان#37:17 دوسان: شارۆچکەیەک بووە لە باکووری شەخەم..“»
یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. 18بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا بۆ ئەوەی بیکوژن.
19ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! 20دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە و دەڵێین گیاندارێکی دڕندە خواردی. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»
21کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات. بۆیە گوتی: «با نەیکوژین!» 22ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی لێ مەدەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.
23ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەوا درێژە ڕەنگینەکەیان لەبەری دادڕاند، 24ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، کە بەتاڵ بوو و ئاوی تێدا نەبوو.
25دوای ئەوەی کە دانیشتن بۆ نانخواردن، چاویان هەڵبڕی و بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، کە وشترەکانیان باری بەهارات و هەتووان#37:25 هەتووان: مەرهەم و ئازارشکێن. و موڕیان#37:25 موڕ: ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت. پێیە و بەرەو میسر دەڕۆن.
26ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ 27وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی لێ نەدەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.
28کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە هێنایە دەرەوە و بە بیست شاقل زیو#37:28 نزیکەی 230 گرام. بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت. ئەوانیش یوسفیان بۆ میسر برد.
29ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی. 30گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»
31ئەوانیش گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەی یوسفیان هێنا و لە خوێنیان هەڵکێشا. 32ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە و گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»
33ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»
34ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی#37:34 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە. پۆشی و ماوەیەکی زۆر شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا. 35ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە و گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان#37:35 عیبری: شیۆل، ئەو شوێنەیە کە لەدوای مردن ڕۆحی مرۆڤ دەچێتە ئەوێ هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە..» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.
36هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتیفەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.
Currently Selected:
پەیدابوون 37: KSS
Highlight
Share
Copy
Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.