YouVersion Logo
Search Icon

دووەم کۆرنسۆس 6

6
1وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، 2چونکە دەفەرموێ:
﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾#6‏:2 ئیشایا 49‏:8.‏‏
ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
خۆسەلماندنی پۆڵس
3لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، 4بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، 5لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، 6بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، 7لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، 8بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، 9وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
11ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. 12ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. 13ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
پەرستگای خودای زیندوو
14لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا#6‏:14 مەبەستی لە هاوسەرگیرییە.‏ مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا#6‏:15 مەبەستی لە شەیتانە.‏ هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:
﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و
لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾#6‏:16 لێڤییەکان 26‏:12 و یەرمیا 32‏:38 و حزقیێل 37‏:27‏‏.‏
17﴿یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾#6‏:17 ئیشایا 52‏:11 و حزقیێل 20‏:34‏،41‏‏.‏
18﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾#6‏:18 دووەم ساموئێل 7‏:8‏،14‏‏.‏

Highlight

Share

Copy

None

Want to have your highlights saved across all your devices? Sign up or sign in