زەبوورەکان 18:1-9
ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی. یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە. لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، هاوارم گەیشتە بەرگوێی. ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین. دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو. ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
زەبوورەکان 18:1-9