پەندەکانی سلێمان 3:11-20
ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە، چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت. خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت، چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ. لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای. تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی. ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین. درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن. یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند. بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.
پەندەکانی سلێمان 3:11-20