مەتا 7:1-15
«خەڵکی تاوانبار مەکەن تاکو خودا تاوانبارتان نەکات، چونکە بەو شێوەیەی خەڵک تاوانبار دەکەن خودا تاوانبارتان دەکات، بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە. «بۆچی سەرنج لە پووشی ناو چاوی براکەت دەدەیت، بەڵام ئاگات لە کاریتەکەی ناو چاوی خۆت نییە؟ یان، چۆن بە براکەت دەڵێی: ”ڕێم بدە با پووشەکەی ناو چاوت دەربهێنم،“ لەکاتێکدا کاریتەیەک لەناو چاوی خۆتدایە؟ ئەی دووڕوو، یەکەم جار کاریتەکەی ناو چاوی خۆت دەربهێنە، ئینجا باش دەبینیت بۆ دەرهێنانی پووشەکەی ناو چاوی براکەت. «شتی پیرۆز مەدەن بە سەگ، مرواریشتان فڕێمەدەنە بەردەمی بەراز، نەوەک پێشێلیان بکەن و هەڵبگەڕێنەوە و پارچەپارچەتان بکەن. «داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە. «کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن! چۆن دەتانەوێ خەڵکی هەڵسوکەوتتان لەگەڵ بکەن، ئێوەش بەو شێوەیە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەن، چونکە ئەمەیە پوختەی تەورات و پەیامی پێغەمبەران. «لە دەرگای تەنگەوە بچنە ژوورەوە، چونکە ئەو دەرگایە پانە و ئەو ڕێگایە بەرینە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و زۆرن ئەوانەی پێیدا دەچنە ژوورەوە. بەڵام تەسکە دەرگا و تەنگە ئەو ڕێگایەی بەرەو ژیان دەچێت، کەم کەسیش دەیدۆزێتەوە. «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن.
مەتا 7:1-15