مەتا 2:1-14
لەدوای لەدایکبوونی عیسا لە بێتلەحمی یەهودیا، لە سەردەمی هێرۆدسی پاشا، هەندێک مۆغ لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتنە ئۆرشەلیم، پرسییان: «پاشای لەدایکبووی جولەکە لەکوێیە؟ لە ڕۆژهەڵاتەوە ئەستێرەی ئەومان بینی، هاتووین کڕنۆشی بۆ ببەین.» کاتێک هێرۆدسی پاشا ئەمەی بیست، پەشۆکا و هەموو خەڵکی ئۆرشەلیم لەگەڵی پەشۆکان. هەموو کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەوراتی گەلی کۆکردەوە، لێی پرسین: «مەسیح لەکوێ لە دایک دەبێت؟» وەڵامیان دایەوە: «لە بێتلەحمی یەهودیا، چونکە لە ڕێی پێغەمبەرەکەوە ئاوا نووسراوە: «﴿بەڵام تۆ ئەی بێتلەحمی خاکی یەهودا، کەمتر نیت لە شارۆچکەکانی دیکەی یەهودا، چونکە لە تۆوە فەرمانڕەوایەک دەردەکەوێت، شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم دەکات.﴾» دوای ئەمە هێرۆدس بە نهێنی مۆغەکانی بانگکرد و لەبارەی کاتی دەرکەوتنی ئەستێرەکە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کردن. ئینجا بۆ بێتلەحمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و بە وردی بەدوای منداڵەکەدا بگەڕێن. کاتێک دۆزیتانەوە هەواڵم بدەنێ، تاکو منیش بێم و کڕنۆشی بۆ ببەم.» لەدوای ئەوەی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، هەمان ئەو ئەستێرەیەی کە لە ڕۆژهەڵات بینیبوویان، پێشیان کەوت و هات و لەسەر ئەو شوێنە ڕاوەستا کە منداڵەکەی لێبوو. کاتێک ئەستێرەکەیان بینی، زۆر شادمان بوون، چوونە ماڵەکە، منداڵەکەیان لەگەڵ مریەمی دایکی بینی، دانەوینەوە و کڕنۆشیان بۆ برد و سندوقی گەنجینەکانیان کردەوە، زێڕ و بخوور و موڕیان بە دیاری پێشکەش کرد. ئینجا خودا لە خەوندا مۆغەکانی ئاگادار کردەوە کە نەگەڕێنەوە لای هێرۆدس، ئەوانیش بە ڕێگایەکی دیکەدا گەڕانەوە وڵاتی خۆیان. دوای ڕۆیشتنی مۆغەکان، فریشتەیەکی یەزدان هاتە خەونی یوسف و گوتی: «هەستە، منداڵەکە و دایکی ببە و ڕابکە بۆ میسر. لەوێ بمێنەوە هەتا پێت دەڵێم، چونکە هێرۆدس وا بە شوێن منداڵەکەدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بیکوژێت.» یوسفیش هەستا و لە شەودا منداڵەکە و دایکی برد و بەرەو میسر ڕۆیشت،
مەتا 2:1-14