یۆحەنا 14:1-11

«نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.» تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟» عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.» فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.» عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا تەنانەت لەدوای ئەم ماوە زۆرەش کە لەگەڵتانم، نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن.
یۆحەنا 14:1-11