یەرمیا 29:11-18

خۆم ئەو پلانە دەزانم کە بۆ ئێوەم داڕشتووە، پلان بۆ ئاشتی و گەشەسەندنی ئێوە نەک بۆ زیانتان، بۆ ئەوەی دواڕۆژ و هیواتان بدەمێ.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. «جا لێم دەپاڕێنەوە و دێن و نوێژم بۆ دەکەن، منیش گوێتان لێ دەگرم. ڕووتان لە من دەکەن و بۆتان دەردەکەوم، کاتێک بە هەموو دڵتانەوە ڕووتان لێم دەکەن. کاتێک بۆتان دەردەکەوم، ڕاپێچکراوەکانتان دەگەڕێنمەوە و بەختیاریتان نوێ دەکەمەوە. لەناو هەموو ئەو نەتەوانە و ئەو شوێنانە کۆتان دەکەمەوە کە بۆ ئەوێ دەرمکردبوون. دەتانگەڕێنمەوە بۆ ئەو شوێنەی کە لێیەوە ڕاپێچم کردن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. گوتتان: «یەزدان لە بابل پێغەمبەرانی بۆ هەستاندینەوە.» بەڵام یەزدان ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەو پاشایەی لەسەر تەختەکەی داود دانیشتووە و هەموو ئەو گەلەی لەم شارەدا ماونەتەوە، ئەو هاوڵاتییانەی ڕاپێچ نەکراون، بەڵێ، یەزدانی سوپاسالار ئاوا دەفەرموێت: «ئەوەتا من شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەنێرمە ناویان و دەیانکەمە هەنجیری خراپ کە لە خراپیدا نەخورێت. بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد ڕاویان دەنێم، لەبەردەم هەموو شانشینەکانی زەوی قێزەونیان دەکەم، نەفرەتیان لێ دەکرێت و دەبنە پەند و مایەی گاڵتەجاڕی و ڕیسوایی، لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ ئەوێ دەریاندەکەم.
یەرمیا 29:11-18