یەکەم سالۆنیکی 5:16-28

هەمیشە دڵشاد بن، بەردەوام نوێژ بکەن، لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا. ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە، پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن، لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە. خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆماندا بێ گلەیی بپارێزن. ئەو خودایەی بانگتان دەکات، دڵسۆزە و بەڵێنی خۆی دەباتە سەر. خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن. بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن. بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە. با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.
یەکەم سالۆنیکی 5:16-28