لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:7-17

ئاشکراکردن 1:7-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاش ئه‌مه‌ چوار فریشته‌م بینی له‌سه‌ر هه‌ر چوار گۆشه‌ی زه‌وی ڕاوه‌ستابوون، چوار باكه‌ی زه‌وییان گرتبوو تاكو بۆ سه‌ر زه‌وی و سه‌ر ده‌ریا و سه‌ر هیچ دره‌ختێک هه‌ڵنه‌كه‌ن. فریشته‌یه‌كی دیكه‌شم بینی له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت مۆری خودای زیندووی پێبوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن بانگی چوار فریشته‌كه‌ی كرد، كه‌ پێیان درابوو زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا بگه‌یه‌نن. وتی: “زیان به‌ زه‌وی و ده‌ریا و دره‌خت مه‌گه‌یه‌نن، تاكو نێوچه‌وانی به‌نده‌كانی خوداوه‌ندمان مۆر ده‌كه‌ین”. گوێم له‌ ژماره‌ی مۆركراوان بوو كه‌ سه‌د و چل و چوار هه‌زار بوون، له‌ هه‌موو هۆزه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسڕائیل بوون. له‌ هۆزی ئيهوودا دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ڕائوبین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی گاد دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ئه‌شیر دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی نه‌پتالیم دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی مینه‌شێ دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی شیمعون دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی لیوی دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی ئیساخه‌ر دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی زوۆولوون دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی یۆسپ دوازده‌ هه‌زار مۆركراو، له‌ هۆزی بنیامین دوازده‌ هه‌زار مۆركراو. پاش ئه‌مه‌ سه‌یرم كرد كۆمه‌ڵانێكی زۆرم بینی كه‌س ناتوانێت بیانژمێرێت، له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و هۆز و گه‌ل و زمانێک، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ و كاوڕه‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، جلی سپییان له‌به‌ردابوو و لقه‌ دارخورمایان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو، به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “ڕزگاری هی خوداوه‌ندمانه‌، كه‌ له‌سه‌ر ته‌خت دانیشتووه‌ و بۆ كاوڕه‌كه‌یه‌”. هه‌موو فریشته‌كان له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ ڕاوه‌ستابوون، پیره‌كان و چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد، وتیان: “ئامین! ستایش و شكۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خوداوه‌ندمانه‌، تاهه‌تایه‌! ئامین!” دوایی یه‌كێک له‌ پیره‌كان لێی پرسیم: “ئه‌م سپی پۆشانه‌ كێن؟ له‌كوێوه‌ هاتوون؟” منیش پێم وت: “گه‌وره‌م، تۆ ده‌زانیت”. پێی وتم: “ئه‌مانه‌ ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ته‌نگانه‌ مه‌زنه‌كه‌وه‌ هاتوون و جله‌كانیان به‌ خوێنی كاوڕه‌كه‌ شوشتووه‌ و سپی كردووه‌. بۆیه‌ له‌به‌رده‌م ته‌ختی خودادان و شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستگاكه‌ی ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن، دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش دایانده‌پۆشێت. ئیتر نه‌ برسی ده‌بن و نه‌ تینوو، نه‌ هه‌تاو لێیان ده‌دات و نه‌ گه‌رمی، چونكه‌ كاوڕه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی ته‌خته‌كه‌ شوانێتییان ده‌كات و به‌ره‌و كانییه‌كانی ئاوی زیندوویان ده‌بات، خوداش هه‌موو فرمێسكه‌كانی چاویان ده‌سڕێته‌وه‌”.

ئاشکراکردن 1:7-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی: «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە. لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو، لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار، لە هۆزی گاد دوازدە هەزار، لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار، لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار، لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار، لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار، لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار، لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار، لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار، لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار، لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو. پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «ڕزگاری هی خودامانە، کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و هی بەرخەکەیە.» هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، دەیانگوت: «ئامین! ستایش و شکۆ و دانایی و سوپاس و ڕێز و هێز و توانا بۆ خودامانە، هەتاهەتایە! ئامین!» دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟» منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.» پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. بۆیە «لەبەردەم تەختی خودان و شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت. ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو، نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر، چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات، خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»