لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 18:2-29

ئاشکراکردن 18:2-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

بۆ فریشته‌ی وارگه‌ی تیئۆتیڕا، بنووسه‌: “ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی چاوه‌كانی وه‌ک گڕی ئاگره‌ و پێیه‌كانی وه‌ک مسی خاوێنه‌، ده‌فه‌رمووێ: ئاگام له‌ كردار و خۆشویستن و ڕاژه‌ و باوه‌ڕ و دانبه‌خۆداگرتنته‌. كاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ت له‌وانه‌ی یه‌كه‌مت زیاترن. به‌ڵام ئه‌مه‌م له‌سه‌رت هه‌یه‌: تۆ ڕێت به‌و ژنه‌ داوه‌ كه‌ ئیزبله‌ كه‌وا ده‌ڵێت: من پێغه‌مبه‌رم، به‌نده‌كانم فێرده‌كات و چه‌واشه‌یان ده‌كات تاكو داوێنپیسی بكه‌ن و له‌و قوربانیه‌ بخۆن كه‌ بۆ بت سه‌ربڕاوه‌. كاتم پێیدابوو تاكو تۆبه له‌ داوێنپیسیه‌كه‌ی‌ بكات، به‌ڵام تۆبه‌ بكات. ئه‌وه‌تا فڕێیده‌ده‌مه‌ سه‌ر نوێن و ئه‌وانه‌ی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵیدا كردووه‌ له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن ده‌بن، ئه‌گه‌ر له‌ كرداریان تۆبه‌ نه‌كه‌ن. هه‌روه‌ها منداڵه‌كانی به‌ مه‌رگ ده‌كوژم، جا هه‌موو وارگه‌كانیش ده‌زانن من پشكێنه‌ری مێشک و دڵه‌كانم، هه‌ر یه‌كێكیشتان به‌گوێره‌ی كاره‌كانی ده‌یده‌مێ. به‌ڵام به‌ ئێوه‌ ده‌ڵێم، و به‌وانه‌ی له‌ تیئۆتیڕا ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌م فێركردنه‌یان نییه‌ و به‌ قووڵایی شه‌یتانیان نه‌زانیوه‌، وه‌ک ده‌ڵێن: من بارێكی دیكه‌تان ناخه‌مه‌ سه‌ر به‌ڵكو ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرن، تاكو دێم. ئه‌وه‌ی سه‌ربكه‌وێت و كاره‌كانی من تاكو پایان بپارێزێت، ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا ده‌ده‌مێ به‌ گۆچانێكی ئاسنین به‌ڕێوه‌یان ده‌بات، وه‌ک گۆزه‌ی گڵین وردوخاشیان ده‌كات، وه‌ک منیش له‌ باوكمه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتم وه‌رگرتووه‌. ئاواش هه‌ساره‌ی به‌یانیی ده‌ده‌مێ. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت ڕووح چی بۆ وارگه‌كان ده‌فه‌رمووێ”.

ئاشکراکردن 18:2-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە: کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ: «ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەم جارت زیاترن. «بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی. کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات. لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە. هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، سزای هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەدەم. «بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر، تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم. «ئەوەی سەربکەوێت و هەتا کۆتایی کارەکانی من ئەنجام بدات، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ، ﴿بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات، وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.﴾ هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»