لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:9-20

زەبوورەکان 1:9-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ سوپاسی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌م. باسی هه‌موو كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ده‌كه‌م. به‌ تۆوه‌ شاد و دڵخۆش ده‌بم. په‌سنی بۆ ناوت ده‌ڵێم ئه‌ی هه‌ره‌به‌رز. كاتێ دوژمنه‌كانم به‌ره‌و پاش هه‌ڵدێن، له‌ به‌ر ڕووی تۆ دا ده‌كه‌ون و له‌ناوده‌چن، چونكه‌ تۆ دادپه‌روه‌رانه‌ دادوه‌ریت بۆ كردووم، تۆ له‌سه‌ر ته‌ختی خۆت دانیشتووی، دادوه‌رێكی دادپه‌روه‌ریت. نه‌ته‌وه‌كانت سه‌رزه‌نشت كردووه‌. به‌دكارانت له‌ناوبردووه‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی ناویانت سڕیوه‌ته‌وه‌. دوژمنان تاهه‌تایه‌ ڕووخان. شارانت وێران كرد. خودی یادیشیان له‌ناوده‌چێت. به‌ڵام په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ داده‌نیشێت. ته‌ختی خۆی بۆ دادوه‌ری جێگیر كردووه‌، به‌ دادپه‌روه‌ری دادوه‌ریی جیهان ده‌كات. به‌ ڕه‌وا فه‌رمانڕه‌وایی گه‌لان ده‌كات. په‌روه‌ردگار په‌ناگای سته‌ملێكراوه‌. په‌ناگایه له‌ كاتی ته‌نگانه‌. ئه‌وانه‌ی ناوی تۆ ده‌ناسن پشتت پێده‌به‌ستن، چونكه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، واز له‌وانه‌ت نه‌هێنا كه‌ دوای تۆ ده‌گه‌ڕێن. په‌سنی بڵێن بۆ په‌روه‌ردگار كه‌ له‌ سیهیۆن نیشته‌جێیه‌، له‌نێو گه‌لان كرده‌وه‌كانی ڕابگه‌ێنن. چونكه‌ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی خوێن ده‌كاته‌وه‌ یاد ده‌بێته‌وه‌، هاواری هه‌ژاران له‌بیرناكات. ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌زه‌ییت پێم بێته‌وه‌. ببینه‌ چ ئازارێک به‌ده‌ست دوژمنه‌كانمه‌وه‌ ده‌كێشم! له‌ ده‌روازه‌كانی مه‌رگ به‌رزم بكه‌وه‌‌، تاكو هه‌موو ستایشت ڕابگه‌‌یێنم له‌به‌ر ده‌روازه‌كانی كچی سیهیۆن، به‌ ڕزگاری تۆوه‌ شادمان بم. نه‌ته‌وه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ئه‌و چاڵه‌ی كه‌ خۆیان هه‌ڵیانكه‌ندبوو، پێیان به‌و تۆڕه‌وه‌ بووه‌ كه‌ نابوویانه‌وه‌. په‌روه‌ردگار به‌ دادپه‌روه‌ری ناسراوه‌، به‌دكاره‌كان تووشی كرده‌وه‌ی ده‌ستی خۆیان ده‌بن. هیگایۆن. سیلاه‌. به‌دكاره‌كان به‌ره‌و دۆڵی بێبن ده‌ڕۆن، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ خودا له‌بیرده‌كه‌ن. به‌ڵام نه‌داران تا سه‌ر له‌بیر ناكرێن، ئومێدی هه‌ژاران تاهه‌تایه‌ له‌ناو ناچێت. ڕاپه‌ڕه‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، مه‌هێڵه‌ مرۆڤ سه‌ربكه‌وێت. با‌ نه‌ته‌وه‌كان له‌ پێش تۆ دادگایی بكرێن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار ترس بخه‌ره‌ دڵیانه‌وه‌، تاكو نه‌ته‌وه‌كان بزانن كه‌ ته‌نها مرۆڤن. سیلاه‌.

زەبوورەکان 1:9-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم. بە تۆوە شاد و دڵخۆش دەبم، ئەی هەرەبەرز، گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێم. کاتێک دوژمنەکانم بەرەو پاش هەڵدێن، لەبەردەمی تۆدا دەکەون و لەناودەچن، چونکە دادپەروەرانە دادوەریت بۆ کردووم، دادوەرێکی ڕاستودروستی لەسەر تەختی خۆت دانیشتووی. تۆ نەتەوەکانت سەرزەنشت کردووە و بەدکارانت لەناوبردووە، هەتاهەتایە ناویانت سڕیوەتەوە. دوژمنانت تووشی لەناوچوونی بێ کۆتایی کردووە، شارەکانیانت وێران کردووە، تەنانەت بیرەوەریشیان نامێنێت. بەڵام یەزدان هەتاهەتایە دادەنیشێت، تەختی خۆی بۆ دادوەری دامەزراندووە. بە ڕاستودروستی دادوەری جیهان دەکات، بە دادپەروەری گەلان حوکم دەدات. یەزدان پەناگای زۆرلێکراوانە، قەڵایە لە کاتی تەنگانەدا. ئەوانەی بە ناوی تۆ ئاشنان پشتت پێ دەبەستن، چونکە ئەی یەزدان، قەت تۆ وازت لەوانە نەهێناوە کە حەز دەکەن لە تۆ نزیک ببنەوە. گۆرانی ستایش بڵێن بۆ یەزدان کە لە سییۆن نیشتەجێیە، لەنێو نەتەوەکان کردارەکانی ڕابگەیەنن، چونکە ئەوەی تۆڵەی خوێن دەکاتەوە یادی دەکرێتەوە، هاواری ستەملێکراوان لەبیرناکات. ئەی یەزدان، ببینە چ ئازارێک بەدەست دوژمنەکانمەوە دەکێشم! لەگەڵم میهرەبان بە و لە دەروازەکانی مردن ڕزگارم بکە، تاکو لەبەردەم دەروازەکانی سییۆنی کچ بە ستایشی تۆوە بدوێم، هەروەها بە ڕزگاریی تۆوە دڵخۆش بم. نەتەوەکان کەوتوونەتە ئەو چاڵەی کە خۆیان هەڵیانکەندبوو، پێیان بەو تۆڕەوە بووە کە نابوویانەوە. یەزدان بە دادپەروەری ناسراوە، بەدکاران دەکەونە داوی کردەوەی دەستی خۆیان. بەدکاران بەرەو جیهانی مردووان دەڕۆن، هەروەها هەموو ئەو نەتەوانەی کە خودا لەبیر دەکەن. بەڵام نەداران هەتاسەر لەبیر ناکرێن، ئومێدی ستەملێکراو هەتاهەتایە لەناو ناچێت. ئەی یەزدان ڕاپەڕە، مەهێڵە مرۆڤ سەربکەوێت، با نەتەوەکان لەبەردەم تۆ دادگایی بکرێن. ئەی یەزدان، ترس بخەرە دڵیانەوە، با نەتەوەکان بزانن کە تەنها مرۆڤن.