لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:38-12

زەبوورەکان 1:38-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌ تووڕه‌یی خۆت سه‌رزه‌نشتم مه‌كه‌، به‌ ڕقی خۆت ته‌مبێم مه‌كه‌. چونكه‌ تیره‌كانت منیان پێكا، ده‌ستت به‌سه‌ر من كه‌وت. به‌هۆی تووڕه‌یی تۆوه‌ ته‌ندروستی له‌ له‌شمدا نه‌ماوه‌. به‌هۆی گوناهمه‌وه‌ ساغی له‌ ئێسقانه‌كانمدا نه‌ماوه‌. تاوانه‌كانم به‌سه‌ر سه‌رم كه‌وتوون. وه‌ک بارێكی گران كه‌ توانام نییه‌ هه‌ڵیبگرم. برینه‌كانم بۆگه‌ن بوون و چڵكیان كردووه‌، به‌هۆی گێلایه‌تی خۆم. پشتم چه‌ماوه‌ته‌وه‌ و كووڕ بوومه‌ته‌وه‌. به‌ درێژایی ڕۆژ خه‌مبارم. كه‌له‌كه‌م پڕ بووه‌ له‌ ژانێكی سووتێنه‌ر، ته‌ندروستی له‌ له‌شم نه‌ماوه‌. به‌ ته‌واوی تێكشكاوم و بێ‌ هێز بووم. له‌به‌ر نه‌هامه‌تی دڵم هه‌ر ده‌ناڵێنم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌موو ئاره‌زووه‌كانم له‌ پێش چاوته‌، ئاخ هه‌ڵكێشانم له‌ تۆ شاردراوه‌ نین. دڵه‌كوتێمه‌ و هێزم له‌به‌ر بڕاوه‌، ته‌نانه‌ت ڕووناكیش له‌ چاوانم بڕاوه‌. دۆست و براده‌ره‌كانم خۆیان لێم ده‌پارێزن له‌به‌ر برینه‌كانم. خزمانم لێم دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت بمكوژن ته‌ڵه‌ ده‌نێنه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ئازارم بده‌ن باسی تێكشكانم ده‌كه‌ن، به‌ درێژایی ڕۆژ بیر له‌ فێڵ ده‌كه‌نه‌وه‌.

زەبوورەکان 1:38-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، بە تووڕەیی خۆت سەرزەنشتم مەکە، بە ڕقی خۆت تەمبێم مەکە. تیرەکانت منیان پێکا، دەستت منی خستە خوارەوە. بەهۆی تووڕەیی تۆوە تەندروستی لە لەشمدا نەماوە، بەهۆی گوناهمەوە ساغی لە ئێسقانەکانمدا نەماوە. تاوانەکانم بەسەر سەرم کەوتوون، وەک بارێکی گران کە توانام نییە هەڵیبگرم. برینەکانم بۆگەن بوون و چڵکیان کردووە، بەهۆی گێلایەتی خۆم. پشتم چەماوەتەوە و کووڕ بوومەتەوە، بە درێژایی ڕۆژ ماتەم دەگێڕم. کەلەکەم پڕ بووە لە ژانێکی سووتێنەر، تەندروستی لە لەشمدا نەماوە. بە تەواوی تێکشکاوم و بێهێز بووم، لەبەر نەهامەتی دڵم هەر دەناڵێنم. ئەی پەروەردگار، هەموو ئارەزووەکانم لەپێش چاوتە، ئاخ هەڵکێشانم لە تۆ شاردراوە نییە. دڵەکوتێمە و هێزم لەبەر بڕاوە، تەنانەت ڕووناکیش لە چاوانم بڕاوە. لەبەر برینەکانم دۆست و برادەرەکانم خۆیان لێم دەپارێزن، خزمانم لێم دوور دەکەونەوە. ئەوانەی بەدوای ژیانی منەوەن تەڵە دەنێنەوە، ئەوانەی دەیانەوێت ئازارم بدەن باسی تێکشکانم دەکەن، بە درێژایی ڕۆژ بیر لە فرتوفێڵ دەکەنەوە.