لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:18-32

زەبوورەکان 1:18-32 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خۆشمده‌وێی په‌روه‌ردگار، ئه‌ی هێزی من. په‌روه‌ردگار تاشه‌به‌ردی منه‌، قه‌ڵامه‌ و ده‌ربازگه‌رمه‌. خوداوه‌ندم تاشه‌به‌ردی منه‌ كه‌ په‌نای بۆ ده‌به‌م. قه‌ڵغانمه‌، قۆچی ڕزگاریمه‌، په‌ناگامه‌. له‌ په‌روه‌ردگاری ستایشكراو ده‌پاڕێمه‌وه‌، له‌ دوژمنه‌كانم ڕزگارم ده‌كات. په‌ته‌كانی مه‌رگ شه‌ته‌كیان داوم، لێشاوه‌كانی له‌ناوچوون زه‌نده‌قیان بردم. په‌ته‌كانی دۆڵی بێبن به‌ ده‌ورمدا ته‌نیوه‌. بۆسه‌كانی مه‌رگ پێمه‌وه‌ لكاون. له‌ ته‌نگانه‌مدا له‌ په‌روه‌ردگار پاڕامه‌وه‌، هاوارم بۆ خوداوه‌ندم كرد، له‌ په‌رستگاكه‌ی گوێی له‌ده‌نگم بوو، هاوارم گه‌یشته‌ به‌ر گوێی. ئینجا زه‌وی له‌رزی و هه‌ژا، بناغه‌ی چیاكانیش ڕاژه‌نین و له‌رزین چونكه‌ تووڕه‌ بوو. دووكه‌ڵ له‌ لووتی به‌رزبووه‌وه‌، ئاگر له‌ ده‌می هه‌ستا. پشكۆی داگیرساوی لێوه‌ ده‌رچوو. ئاسمانانی لێككرده‌وه‌ و دابه‌زییه‌ خواره‌وه‌، ته‌م له‌ژێر پێی بوون. سواری كه‌ڕوب بوو و فڕی، به‌سه‌ر باڵی بادا به‌رز بووه‌وه‌. تاریكی كرده‌ په‌رده‌ له‌ ده‌وری خۆیدا، ته‌می پڕ ئاو و تاریكی هه‌وری كرده‌ به‌ چه‌تری خۆی. له‌ تیشكی به‌رده‌می هه‌وره‌كان شه‌قبوون. ته‌رزه‌ و پشكۆی ئاگر. په‌روه‌ردگار له‌ ئاسماناندا گرمه‌ی هات، هه‌ره‌به‌رز ده‌نگی هات، ته‌رزه‌ و پشكۆی ئاگر. تیره‌كانی هاویشت و بڵاوه‌ی پێ كردن، به‌ بروسكه‌ی زۆر په‌رێشانی كردن. بنی ده‌ریاكان ده‌ركه‌وتن، بناغه‌كانی زه‌وی ده‌ركه‌وتن، له‌ سه‌رزه‌نشتی تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ هه‌ناسه‌ی لووتی تۆ. له‌ به‌رزاییه‌وه‌ ده‌ستی درێژ كرد و منی گرت، له‌نێو ئاوه‌ قووڵه‌كان ده‌ری كردم. له‌ دوژمنه‌ به‌هێزه‌كه‌م ده‌ربازی كردم، له‌ ناحه‌زه‌كانم كه‌ زۆر له‌ من به‌هێزترن. له‌ ڕۆژی لێقه‌ومانم هاتنه‌ سه‌رم، به‌ڵام په‌روه‌ردگار پشت و په‌نام بوو. هێنامیه‌ جێگایه‌كی به‌رین، ڕزگاری كردم، چونكه‌ دڵخۆشه‌ پێم. په‌روه‌ردگار به‌گوێره‌ی بێتاوانیم پاداشتی دامه‌وه‌، به‌گوێره‌ی پاكی ده‌ستم پێی دامه‌وه‌. چونكه‌ ڕێگاكانی په‌روه‌ردگارم پاراست، له‌ خوداوه‌ندی خۆم یاخی نه‌بووم. هه‌موو حوكمه‌كانی له‌ به‌رده‌مم بووه‌، سه‌رپێچی فه‌رزه‌كانیم نه‌كردووه‌. له‌گه‌ڵیدا ته‌واو بووم و خۆم له‌ خراپه‌ پاراستووه‌. په‌روه‌ردگار به‌گوێره‌ی بێتاوانیم، به‌گوێره‌ی ده‌ست پاكیم له‌ به‌رده‌میدا پاداشتی داومه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ به‌زه‌ییدار به‌به‌زه‌ییت. له‌گه‌ڵ پیاوی ته‌واو ته‌واویت، له‌گه‌ڵ بێگه‌رد بێگه‌ردیت، له‌گه‌ڵ چه‌وه‌ته‌كانیشدا پێچاوپێچی ده‌بیت. چونكه‌ تۆ گه‌لی به‌دبه‌خت ڕزگار ده‌كه‌یت، لووتی لووتبه‌رزانیش ده‌شكێنیت. چونكه‌ تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار چراكه‌م داده‌گیرسێنیت، خودام تاریكیم بۆ ڕووناكی ده‌كه‌یته‌وه‌. چونكه‌ به‌ یارمه‌تی تۆ ده‌توانم له‌شكرێک تێكبشكێنم، له‌گه‌ڵ خودای خۆم ده‌توانم به‌سه‌ر شووره‌كاندا سه‌ربكه‌وم. ڕێگای خودا ته‌واوه‌. فه‌رمووده‌ی په‌روه‌ردگار خاوێنه‌. ئه‌و قه‌ڵغانه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی په‌نای بۆ ده‌به‌ن. چونكه‌ له‌ په‌روه‌ردگار زیاتر كێ‌ خوداوه‌نده‌؟ له‌ خودا زیاتر كێ‌ تاشه‌به‌رده‌كه‌یه‌؟ خوداوه‌نده‌، كه‌ كه‌مه‌رمی به‌ هێز به‌ستووه‌، ڕێگای من ته‌واو ده‌كات.

زەبوورەکان 1:18-32 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، ئەی هێزی من، خۆشمدەوێی. یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە، خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم، قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە، پەناگای منە. لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە، لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم، چونکە پەتی مەرگ شەتەکی داوم، لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم، پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە، داوی مردن لەبەردەمم دانراوە. لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە، هاوارم بردە بەر خودام، لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو، هاوارم گەیشتە بەرگوێی. ئینجا زەوی لەرزی و هەژا، بناغەی چیاکانیش ڕاژەنین، لە تووڕەیی ئەو لەرزین. دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە، ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە، وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو. ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە، هەوری تاریک لەژێر پێی بوو. سواری کەڕوب بوو و فڕی، بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە. بە تاریکی خۆی داپۆشی و کردییە خێوەت لە دەوری خۆی، هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمانی کردە چەتری خۆی. لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو هەورەکان بەرەو پێش چوون، تەرزە و پشکۆی ئاگریان لێ هاتە دەرەوە. یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی، ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە. تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد، بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن. ئەی یەزدان، بنی دەریا دەرکەوت، بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون، لە سەرزەنشتی تۆ، لە گەرمی هەناسەی لووتی تۆ. لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت، لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام. لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم، لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون. لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم، بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو. منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین، ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم. یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم، چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر، لە خودای خۆم یاخی نەبووم. هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان، لە فەرزەکانی لام نەداوە. لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و خۆم لە گوناه پاراستووە. یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە، بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی. لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت، لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت، لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت، بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت. تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت، بەڵام لووتی لووتبەرزان دەشکێنیت. ئەی یەزدان، تۆ چراکەم دادەگیرسێنیت، خودام تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە. بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم، لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم. ڕێبازی خودا تەواوە، بەڵێنی یەزدان بێگەردە، ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن. لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟ لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟ خودایە ئەوەی کەمەری منی توند بەستووە، بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.