پەندەکانی سلێمان 1:6-15
پەندەکانی سلێمان 1:6-15 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت، ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد، ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت، بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت، ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە، چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت، بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە. خەو مەدە چاوەکانت و پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن. وەک مامز خۆت لە دەست ڕاوچی دەرباز بکە، وەک چۆلەکە لە تەڵەی ڕاوچی. ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە، بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا. بێ ئەوەی پێشەوا و کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت، بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە. ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟ کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟ کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان، ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار. کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار، بە زمان خواری ڕەفتار دەکات، چاوی دەقوچێنێت و بەپێی ئاماژە دەکات و بە پەنجە دەریدەبڕێت، فێڵ لە دڵیدایە، خراپە دادەهێنێت، هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت. لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت، لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.