پەندەکانی سلێمان 17:24-34
پەندەکانی سلێمان 17:24-34 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە، بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت، نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت، جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە. مەراق لە خراپەکاران مەخۆ، ئیرەیی بە بەدکاران مەبە، چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و چرای بەدکاران دەکوژێتەوە. ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە، تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە، چونکە بەڵایان لەپڕ دێت، بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟ هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە: لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە. ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،» گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن. بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت. وەڵامی ڕاست وەک ماچی لێوە. کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە، دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ. بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە، بە لێوەکانت فێڵ مەکە. مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم، سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.» بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم، بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش. چقڵ هەمووی داگرتبوو، گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو، کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو. تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە، بینیم و وانەم لێ وەرگرت: کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان، ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.