پەندەکانی سلێمان 8:19-23
پەندەکانی سلێمان 8:19-23 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت، ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە. شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت. گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە. وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە، شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون. هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە. کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکیەتی، ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە. ماڵ و سامان میراتی باوکانە، بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە. تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت، کەسی سست برسی دەبێت. ئەوەی ڕاسپاردە بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت. ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات، ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە. کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێدی تێدایە، مەبە هۆکاری مردنی. ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت، چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە. گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە، بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت. مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە، بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت. ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە، هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە. لەخواترسی بۆ ژیانە، بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.