پەندەکانی سلێمان 14:17-28
پەندەکانی سلێمان 14:17-28 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە، جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە. بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست، هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان. بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟ کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی! برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت، براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت. کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات و بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی. ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات، ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات. ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی، ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت. ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت، باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت. دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات. بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە. کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە، بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی. کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە. پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە، هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی. ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە، ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە. تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت، ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.