پەندەکانی سلێمان 8:10-19
پەندەکانی سلێمان 8:10-19 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت، بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت. ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت. چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار، گێلی زۆربڵێش دەکەوێت. دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە. ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت. لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە، کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە. داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە، بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە. سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە. کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە، بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە. ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە، بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت. ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن، ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە. قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.