سەرژمێری 1:6-8
سەرژمێری 1:6-8 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر پیاوێک یان ژنێک سوێندێکی تایبەتی خوارد بەوەی نەزر بکات، خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات. لە شەراب و مەی خۆی دوور دەخاتەوە و سرکەی شەراب و سرکەی مەی ناخواتەوە و خۆشاوی ترێ ناخواتەوە و ترێ و کشمیش ناخوات. هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی هیچ شتێک لە هەموو ئەوەی لە بەری مێو دروستدەکرێت ناخوات، تەنانەت تۆو و توێکڵیش. «”هەموو ڕۆژانی نەزر و خۆتەرخانکردنەکەی گوێزان بە سەریدا ناهێنرێت، پێویستە هەتا تەواوی ئەو ڕۆژانەی خۆی تەرخان کردووە بۆ یەزدان، پیرۆز بێت و قژی بهێڵێتەوە. «”هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان لە لاشەی مردوو نزیک ناکەوێتەوە، بۆ دایک و باوک و برا و خوشکیشی، خۆی گڵاو ناکات لە کاتی مردنیان، چونکە خۆتەرخانکردنی بۆ خودای خۆی بەسەر سەرەوەیە. هەموو ڕۆژانی خۆتەرخانکردنەکەی بۆ یەزدان پیرۆز دەبێت.