لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

سەرژمێری 19:22-35

سەرژمێری 19:22-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.» خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە. ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە. دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سووڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت کە سێ جار لێت دام؟» بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «لەبەر ئەوەی سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.» ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟» ئەویش گوتی: «نا.» ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد. فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە. ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.» بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.» فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت.