سەرژمێری 1:2-31
سەرژمێری 1:2-31 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «با نەوەی ئیسرائیل، هەریەکە لەژێر بەیداخەکەی خۆی، بە لافیتەکانی بنەماڵەکانیانەوە چادر هەڵبدەن، ڕووەو چادری چاوپێکەوتن و دەوروبەری.» لەلای ڕۆژهەڵات، هۆزی یەهودا ڕووەو خۆر هەڵاتن لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەهوداش نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەسە. پاشان هۆزی یەساخار لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەسە. پاشان هۆزی زەبولون دێت، سەرۆکی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆنە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەسە. هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای یەهودا، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشتا و شەش هەزار و چوار سەد کەسن، یەکەمن لە بەڕێکەوتندا. لەلای باشوور، هۆزی ڕەئوبێن لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێنیش ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەسە. پاشان هۆزی شیمۆن لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەسە. پاشان هۆزی گاد دێت، سەرۆکی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەسە. هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ڕەئوبێن، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و پەنجا و یەک هەزار و چوار سەد و پەنجا کەسن، دووەمن لە بەڕێکەوتندا. ئینجا چادری چاوپێکەوتن، ئۆردوگای لێڤییەکان لەناوەندی ئۆردوگاکان بەڕێ دەکەوێت، چۆن چادر هەڵدەدەن بە هەمان شێوە بەڕێ دەکەون، هەریەکە و لە شوێنی خۆی لەژێر بەیداخەکەی. لەلای ڕۆژئاوا، هۆزی ئەفرایم لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئەفرایمیش ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهودە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی چل هەزار و پێنج سەد کەسە. پاشان هۆزی مەنەشە لەتەنیشتیانەوە دێت، سەرۆکی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی سی و دوو هەزار و دوو سەد کەسە. پاشان هۆزی بنیامین دێت، سەرۆک بۆ نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەسە. هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ئەفرایم، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشت هەزار و سەد کەسن، سێیەمن لە بەڕێکەوتندا. لەلای باکوور، هۆزی دان لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی دانیش ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدایە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەسە. پاشان هۆزی ئاشێر دێت، لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەسە. پاشان هۆزی نەفتالیش دێت، سەرۆکی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە. ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەسە. هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای دان سەد و پەنجا و حەوت هەزار و شەش سەد کەسن، لەژێر بەیداخەکانیان لە کۆتاییدا بەڕێ دەکەون.