نەحەمیا 6:9-28
نەحەمیا 6:9-28 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن. «تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم. بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت. «تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور. نیشانە و پەرجووت لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت میسرییەکان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەقکرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان. بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن. «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ. ڕۆژی شەممەی پیرۆزت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ. لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و فەرمانت پێدان کە بچنە ناو ئەم خاکە و بە میرات وەریبگرن، کە سوێندت خواردبوو بیاندەیتێ. «بەڵام ئەوان، واتا باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت. ڕەتیان کردەوە گوێ بگرن و پەرجووەکانی تۆیان وەبیر خۆیان نەهێنایەوە کە بۆت کردن، کەللەڕەقییان کرد و لە کاتی یاخیبوونەکەیاندا سەرۆکیان بەسەر خۆیانەوە دانا تاکو بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردە و میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان، تەنانەت کاتێک کە پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە میسر دەرهێنا!“ یان کاتێک چەندین کفری گەورەیان کرد. «بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، بە شەویش ستوونە ئاگرەکە تاکو ئەو ڕێگایە ڕووناک بکاتەوە کە پێیدا دەڕۆن. ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان. چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا. «پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد. کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“ ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە. چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت؛ ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیری هەڵکەنراو، ڕەزەمێو، ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت. «بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و پشتیان لە فێرکردنەکانی تۆ کرد. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، چەندین کفری گەورەیان کرد. ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن. «کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.