نەحەمیا 6:5-13
نەحەمیا 6:5-13 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
زۆر تووڕە بووم کاتێک گوێم لە هاوارەکەیان و ئەو قسانە بوو، لەبیری خۆمدا لێکم دایەوە و مشتومڕم لەگەڵ خانەدان و کاربەدەستەکان کرد و پێم گوتن: «ئێوە سوو لە براکانتان وەردەگرن!» ئینجا کۆمەڵێکی گەورەم لە دژیان کۆکردەوە و پێم گوتن: «ئێمە بەپێی توانامان برا جولەکەکانمان ئەوانەی بە ناجولەکەکان فرۆشرا بوون کڕیونەتەوە، کەچی ئێوە براکانتان دەفرۆشن و پاشان بە ئێمە دەفرۆشرێنەوە!» ئینجا لاڵ بوون و یەک وشەیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە. گوتم: «ئەوەی ئێوە دەیکەن کارێکی باش نییە. ئایا پێویست نییە ئێوە بە لەخواترسییەوە هەڵسوکەوت بکەن بۆ ئەوەی ئەو نەتەوە ناجولەکانەی کە دوژمنمانن گاڵتەمان پێ نەکەن؟ من و براکانم و خزمەتکارەکانم بە هەمان شێوە زیو و دانەوێڵەمان بە قەرز داونەتێ، تکایە ئیتر با واز لەم سووە بهێنین! هەر ئەمڕۆ کێڵگە و ڕەز و باخە زەیتوون و ماڵەکانیان و یەک لە سەدی ئەو زیو و دانەوێڵە و شەرابە نوێیە و ئەو زەیتەی کە لێتان وەرگرتوون، بۆیانی بگێڕنەوە.» ئەوانیش گوتیان: «دەیگەڕێنینەوە و داوایان لێ ناکەین، ئاوا دەکەین وەک ئەوەی تۆ گوتت.» ئینجا کاهینەکانم بانگکرد، خانەدان و کاربەدەستەکانیشم سوێند دا کە ئەم بەڵێنە جێبەجێ بکەن. پاشان پشتێنەکەمم تەکاند و گوتم: «خودا هەرکەسێک ئاوا بتەکێنێت کە ئەم بەڵێنە نەهێنێتە دی، با ئاوا لە ماڵەکەی و لە ڕەنجەکەی تەکێنراو و بەتاڵ بێت.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە گوتیان: «ئامین» و ستایشی یەزدانیان کرد، گەل ئەم بەڵێنەیان پەیڕەو کرد.