نەحەمیا 7:4-13
نەحەمیا 7:4-13 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
ئەوە بوو کاتێک سەنڤەلەت و تۆڤییا و عەرەب و عەمۆنی و ئەشدۆدییەکان بیستیانەوە کە چاککردنەوەی شووراکانی ئۆرشەلیم بەرەو پێش دەچوو، خەریک بوو بۆشاییەکان پڕ دەکرانەوە، زۆر ڕقیان هەستا. جا هەموو پێکەوە پیلانیان گێڕا هەتا بێن و لە دژی ئۆرشەلیم بجەنگن و کێشەی بۆ بنێنەوە. ئێمەش نزامان بۆ خودامان کرد، شەو و ڕۆژ پاسەوانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوان ڕاگرت. لەو کاتەدا خەڵکی یەهودا گوتیان: «کرێکارەکان توانایان لەبەر بڕاوە، خۆڵەکەش زۆرە و ئێمەش ناتوانین شووراکە بنیاد بنێینەوە!» ناحەزەکانیشمان گوتیان: «پێش ئەوەی بزانن و ببینن، دەچینە ناویان و دەیانکوژین، کارەکە ڕادەگرین.» ئینجا ئەو جولەکانەی لە نزیکیانەوە نیشتەجێ بوون، دەیان جار هاتن و پێیان گوتین: «لە هەموو لایەکەوە دێن و هێرشمان دەکەنە سەر.» ئیتر هەندێک لە گەلەکەم لە خوار شوێنەکەوە، لە پشت شووراکە، لە شوێنە بەرچاوەکان ڕاگرت، بەگوێرەی خێڵەکانیان بە شمشێر و ڕم و تیروکەوانەکانیانەوە گەلم ڕاگرت.