لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 2:9-24

مەرقۆس 2:9-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای شه‌ش ڕۆژ، ئیشۆع په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، به‌ ته‌نها بردنییه‌ سه‌ر چیایه‌كی به‌رز، له‌به‌رچاویان شێوه‌ی گۆڕا. جله‌كانی زۆر سپی و بریسكه‌دار بووه‌وه‌ وه‌ک به‌فر، هیچ سپیكارێک له‌سه‌ر زه‌وی ناتوانێت ئاوا سپی بكات. ئینجا ئیلییا له‌گه‌ڵ مووشێ بۆیان ده‌ركه‌وتن، له‌گه‌ڵ ئیشۆعدا قسه‌یان ده‌كرد. په‌تڕۆسیش به‌ ئیشۆعی وت: “گه‌وره‌م، پێمان باشه‌ لێره‌ بین، با سێ كه‌پر هه‌ڵبده‌ین، یه‌كێک بۆ تۆ، یه‌كێک بۆ مووشێ، یه‌كێكیش بۆ ئیلییا”. نه‌یده‌زانی چی ده‌ڵێت، چونكه‌ تۆقیبوون. هه‌ورێكیش سێبه‌ری به‌سه‌ریاندا ده‌كرد، ده‌نگێک له‌ هه‌وره‌كه‌وه‌ هات و فه‌رمووی: “ئه‌مه‌یه‌ ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستم، گوێی لێ بگرن” كاتێ له‌ناكاو سه‌یری ده‌وروپشتیان كرد، له‌ ئیشۆع زیاتر كه‌سیان له‌گه‌ڵ خۆیان نه‌بینی. كاتێ له‌ چیاكه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌، ئیشۆع پێی ڕاسپاردن كه‌ ئه‌مه‌ی بینییان به‌ كه‌سی مه‌ڵێن، تاكو ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌نێو مردووان هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌. ئه‌وانیش ڕاسپارده‌كه‌یان پاراست‌ و پرسیان ده‌كرد: “هه‌ستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان چییه‌؟” پرسیان لێكرد و وتیان: “بۆچی ته‌وراتزانه‌كان ده‌ڵێن: ده‌بێت یه‌كه‌مجار ئیلییا بێت؟” وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “یه‌كه‌مجار ئیلییا دێت و هه‌موو شتێک ڕێک ده‌خاته‌وه‌. ئه‌ی چۆن ده‌رباره‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نووسراوه‌ كه‌ ده‌بێت زۆر ئازار بچێژێت و سووكایه‌تی پێ بكرێت؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، ئیلییا هات و چییان ویست پێیان كرد، وه‌ک له‌باره‌ی نووسراوه‌”. كاتێ هاته‌ لای قوتابییه‌كان، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌ ده‌وروپشتی بینی و ته‌وراتزانه‌كانیش گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كردن. كه‌ هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ئیشۆعیان بینی یه‌كسه‌ر سه‌رسام بوون، ڕایانكرد و سڵاویان لێكرد. ئیشۆع له‌ ته‌وراتزانه‌كانی پرسی: “له‌ باره‌ی چی گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن؟” یه‌كێک له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “ڕابی، كوڕه‌كه‌م هێناوه‌ته‌ لات، ڕووحێكی لاڵی تێدایه‌. له‌كوێ بیگرێت، به‌ زه‌ویی داده‌دات، ده‌می كه‌ف ده‌كات و ددانه‌كانی جیڕده‌كاته‌وه‌ و ڕه‌ق ده‌بێت. داوام له‌ قوتابییه‌كانت كرد ده‌ری بكه‌ن، به‌ڵام نه‌یانتوانی”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی نه‌وه‌ی بێباوه‌ڕ، تا كه‌ی له‌گه‌ڵتان بم؟ تا كه‌ی به‌رگه‌تان بگرم؟ بیهێننه‌ لام!”. ئه‌وانیش هێنایانه‌ لای. كه‌ ڕووحه‌كه‌ ئیشۆعی بینی، یه‌كسه‌ر كوڕه‌كه خووی گرت و كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، ده‌گه‌وزی و كه‌ف له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌هات. له‌ باوكی پرسی: “له‌ كه‌یه‌وه‌ وای لێهاتووه‌؟” وتی: “له‌ منداڵییه‌وه‌. زۆر جاریش خستوویه‌تییه‌ نێو ئاگر و نێو ئاوه‌وه‌ تاكو له‌ناوی ببات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌توانیت شتێک بكه‌یت، دڵت پێمان بسووتێ و یارمه‌تیمان بده‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر پێت ده‌كرێت باوه‌ڕ بهێنێت، ئه‌وا هه‌موو شتێک بۆ باوه‌ڕدار ده‌بێت”. یه‌كسه‌ر باوكی كوڕه‌كه‌ هاواری كرد: “باوه‌ڕم هه‌یه‌ گه‌وره‌م، یارمه‌تی بێباوه‌ڕیم بده‌”

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 9 بخوێنەوە

مەرقۆس 2:9-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای شەش ڕۆژ، عیسا بە تەنها پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد و بۆ سەر چیایەکی بەرز ڕێبەریی کردن. پاشان لەپێشیان شێوەی گۆڕا. جلەکانی بووە سپییەکی بریسکەدار، سپیتر لەوەی کە هەرکەسێک لە جیهاندا بتوانێت بیکات. ئینجا ئەلیاس و موسایان بۆ دەرکەوت، لەگەڵ عیسادا کەوتنە گفتوگۆ. پەترۆسیش بە عیسای گوت: «ڕابی، پێمان باشە لێرە بین، با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» نەیدەزانی چی دەڵێت، چونکە تۆقیبوون. هەورێکیش هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، دەنگێک لە هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، گوێی لێ بگرن!» کاتێک لەناکاو سەیری دەوروپشتیان کرد، لە عیسا زیاتر کەسیان لەگەڵ خۆیان نەبینی. کاتێک لە چیاکە دەهاتنە خوارەوە، عیسا فەرمانی پێدان ئەوەی بینییان بە کەسی نەڵێن، هەتا کوڕی مرۆڤ لەناو مردووان هەڵدەستێتەوە. ئەوانیش بابەتەکەیان لەنێو خۆیاندا هێشتەوە و لەبارەی هەستانەوەی نێو مردووانەوە دەستیان بە گفتوگۆ کرد. جا پرسیاریان لێکرد: «بۆچی مامۆستایانی تەورات دەڵێن: ”دەبێت یەکەم جار ئەلیاس بێت“؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێک ڕێک دەخاتەوە. کەواتە بۆچی دەربارەی کوڕی مرۆڤ نووسراوە کە دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و سووکایەتیی پێ بکرێت؟ بەڵام پێتان دەڵێم، ئەلیاس هات و چییان ویست پێیان کرد، هەروەک ئەوەی لەبارەی ئەوەوە نووسراوە.» کاتێک هاتنەوە لای قوتابییەکانی دیکە، خەڵکێکی زۆریان لە دەوروپشتیان بینی و مامۆستایانی تەوراتیش دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکردن. کە هەموو خەڵکەکە عیسایان بینی یەکسەر سەرسام بوون، ڕایانکرد بەرەوپیری و سڵاویان لێکرد. عیسا لێی پرسین: «لەسەر چی دەمەقاڵێیان لەگەڵ دەکەن؟» یەکێک لە خەڵکەکە وەڵامی دایەوە: «مامۆستا، کوڕەکەم هێناوەتە لات، ڕۆحێکی لاڵی هەیە. لەکوێ بیگرێت، بە زەویدا دەدات، دەمی کەف دەکات و ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و ڕەق دەبێت. داوام لە قوتابییەکانت کرد دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.» عیسا وەڵامی دانەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ، هەتا کەی لەگەڵتان بم؟ هەتا کەی بەرگەتان بگرم؟ منداڵەکە بهێننە لام.» ئەوانیش هێنایانە لای. کە ڕۆحە پیسەکە عیسای بینی، دەستبەجێ منداڵەکە فێی لێهات و کەوتە سەر زەوی، دەگەوزی و کەف لە دەمیەوە دەهات. عیسا لە باوکی منداڵەکەی پرسی: «لە کەیەوە وای لێهاتووە؟» گوتی: «لە منداڵییەوە. زۆر جاریش خستوویەتییە ناو ئاگر یان ئاوەوە تاکو لەناوی ببات. ئەگەر دەتوانیت شتێک بکەیت، بەزەییت پێمان بێتەوە و یارمەتیمان بدە.» عیسا پێی فەرموو: «”ئەگەر دەتوانیت“؟ ئەوەی باوەڕ بهێنێت هەموو شتێکی بۆ دەبێت.» یەکسەر باوکی منداڵەکە هاواری کرد: «باوەڕم هەیە، یارمەتی بێباوەڕیم بدە!»

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 9 بخوێنەوە