لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 11:8-30

مەرقۆس 11:8-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

په‌ڕیشییه‌كان هاتن و ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كرد له‌گه‌ڵ ئیشۆع، داوای په‌رجوێكیان لێی ده‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی. له‌ قووڵایی ڕووحیدا هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و فه‌رمووی: “بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای په‌رجو ده‌كات؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: په‌رجو نادرێته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌!” ئینجا به‌جێیهێشتن. دووباره‌ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. له‌بیریان چووبوو نان ببه‌ن، له‌ كه‌شتیه‌كه‌دا له‌ یه‌ک نان زیاتریان پێ نه‌بوو. ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “وریابن! ئاگاداربن له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان و هه‌وێنی هیڕوودس”. له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌ و به‌ یه‌كتریان وت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نانمان پێ نییه‌”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی باسی ده‌كه‌ن كه‌ نانتان پێ نییه‌؟ هێشتا جیا ناكه‌نه‌وه‌ و تێناگه‌ن؟ تا ئێستاش دڵڕه‌قن؟ خۆ چاوتان هه‌یه‌، نابینن، گوێتان هه‌یه‌، نابیستن؟ وه‌بیرتان نایه‌ته‌وه‌؟ كاتێ پێنج نانه‌كه‌م بۆ پێنج هه‌زاره‌كه‌ له‌تكرد، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “دوازده‌”. “كاتێ حه‌وته‌كه‌ش بۆ چوار هه‌زاره‌كه‌، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “حه‌وت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن تێناگه‌ن؟” هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات. ئه‌ویش ده‌ستی نابیناكه‌ی گرت، بردییه‌ ده‌ره‌وه‌ی گونده‌كه‌ و تفی له‌ چاوی كرد، ده‌ستی له‌سه‌ر دانا و لێی پرسی: “هیچ ده‌بینیت؟” سه‌یری كرد و وتی: “خه‌ڵک ده‌بینم وه‌ک دره‌خت ڕێ ده‌كه‌ن”. دیسان ئیشۆع ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، چاوی تێبڕی و چاكبووه‌وه‌، هه‌موو مرۆڤێكی به‌ ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕه‌وانه‌ی كرده‌وه‌ و فه‌رمووی: “مه‌چۆ نێو گونده‌كه‌ و به‌كه‌سیشیان مه‌ڵێ”. ئیشۆع و قوتابییه‌كانی بۆ گونده‌كانی قه‌یسه‌ڕییه‌ی پیلیپوس ده‌رچوون، له‌ ڕێگادا له‌ قوتابییه‌كانی پرسی: “خه‌ڵكی ده‌ڵێن من كێم؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار، هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئیلییا و هه‌ندێكیش یه‌كێک له‌ پێغه‌مبه‌ران”. پێی فه‌رموون: “ئه‌ی ئێوه‌، ده‌ڵێن من كێم؟” په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “تۆ مه‌سیحه‌كه‌یت!”. جا ئاگاداری كردنه‌وه‌ له‌لای كه‌س باسی نه‌كه‌ن.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 8 بخوێنەوە

مەرقۆس 11:8-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. عیسا لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر. قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.» لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێ نییە.» عیسا کە بەمەی دەزانی، پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێ نییە؟ ئایا هێشتا نابینن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەر ڕەقە؟ خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.» «ئەی کاتی حەوت نانەکە بۆ چوار هەزار کەسەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت.» ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟» کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟» پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.» دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.» عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟» وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.» لێی پرسین: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت.» جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 8 بخوێنەوە