لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:8-22

مەرقۆس 1:8-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و ڕۆژانه‌دا دیسان كۆمه‌ڵانێكی زۆر هه‌بوو، هیچیان نه‌بوو بیخۆن، ئیشۆع قوتابییه‌كانی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “دڵم به‌و كۆمه‌ڵه‌ ده‌سووتێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ سێ ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵمدان و هیچیان نییه‌ بیخۆن. ئه‌گه‌ر به‌ برسیێتی بیاننێرمه‌وه‌ ماڵ، له‌ ڕێگادا بڕ ناكه‌ن، هه‌ندێكیشیان له‌ دووره‌وه‌ هاتوون”. قوتابییه‌كانی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “كێ ده‌توانێت له‌م چۆڵه‌وانییه‌ تێرنانی ئه‌مانه‌ بكات؟” لێی پرسین: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟” وتیان: “حه‌وت”. جا فه‌رمانی دا خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی برد و سوپاسی كرد و له‌تیكردن و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو دابه‌شی بكه‌ن، ئه‌وانیش به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌كه‌دا دابه‌شیان كرد. چه‌ند ماسییه‌كی بچووكیشیان پێ بوو، داڕشتی كرد و فه‌رمووی با ئه‌مه‌ش دابه‌ش بكرێت. ئیتر خواردیان و تێربوون. ئینجا حه‌وت سه‌به‌ته‌ له‌ته‌نانیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نزیكه‌ی چوار هه‌زار ده‌بوون، ئینجا به‌ڕێیكردن. پاشان یه‌كسه‌ر له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی سواری كه‌شتی بوو و هاته‌ ناوچه‌ی ده‌لمانووته‌. په‌ڕیشییه‌كان هاتن و ده‌ستیان به‌ گفتوگۆ كرد له‌گه‌ڵ ئیشۆع، داوای په‌رجوێكیان لێی ده‌كرد له‌ ئاسمانه‌وه‌، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی. له‌ قووڵایی ڕووحیدا هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشا و فه‌رمووی: “بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای په‌رجو ده‌كات؟ ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: په‌رجو نادرێته‌ ئه‌م نه‌وه‌یه‌!” ئینجا به‌جێیهێشتن. دووباره‌ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو و په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر. له‌بیریان چووبوو نان ببه‌ن، له‌ كه‌شتیه‌كه‌دا له‌ یه‌ک نان زیاتریان پێ نه‌بوو. ڕایسپاردن و فه‌رمووی: “وریابن! ئاگاداربن له‌ هه‌وێنی په‌ڕیشییه‌كان و هه‌وێنی هیڕوودس”. له‌نێو خۆیاندا بیریان كرده‌وه‌ و به‌ یه‌كتریان وت: “له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نانمان پێ نییه‌”. ئیشۆع زانی و پێی فه‌رموون: “بۆچی باسی ده‌كه‌ن كه‌ نانتان پێ نییه‌؟ هێشتا جیا ناكه‌نه‌وه‌ و تێناگه‌ن؟ تا ئێستاش دڵڕه‌قن؟ خۆ چاوتان هه‌یه‌، نابینن، گوێتان هه‌یه‌، نابیستن؟ وه‌بیرتان نایه‌ته‌وه‌؟ كاتێ پێنج نانه‌كه‌م بۆ پێنج هه‌زاره‌كه‌ له‌تكرد، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “دوازده‌”. “كاتێ حه‌وته‌كه‌ش بۆ چوار هه‌زاره‌كه‌، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نانتان هه‌ڵگرته‌وه‌؟” پێیان وت: “حه‌وت”. ئینجا پێی فه‌رموون: “چۆن تێناگه‌ن؟” هاتنه‌ بتسه‌یادا، نابینایه‌كیان هێنایه‌ لای و لێی پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی لێ بدات.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 8 بخوێنەوە

مەرقۆس 1:8-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە. لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.» قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟» لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت.» ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی خودای کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت. ئیتر خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە. ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. دوای ئەوەی کە عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد، یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە. فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. عیسا لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر. قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.» لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێ نییە.» عیسا کە بەمەی دەزانی، پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێ نییە؟ ئایا هێشتا نابینن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەر ڕەقە؟ خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.» «ئەی کاتی حەوت نانەکە بۆ چوار هەزار کەسەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت.» ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟» کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 8 بخوێنەوە