لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 5:7-29

مەرقۆس 5:7-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

جا په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان لێیان پرسی: “بۆچی قوتابییه‌كانت له‌سه‌ر نه‌ریتی پیران ناڕۆن و به‌ ده‌ستی پیس نان ده‌خۆن؟” ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌ی ڕووپاماكان! ئێشه‌عیا ده‌رباه‌ری ئێوه‌ پێشبینی باشی كردووه‌، وه‌ک نووسراوه‌: {ئه‌م گه‌له‌ به‌سه‌ر لێوان ڕێزم لێ ده‌نێت، به‌ڵام دڵی لێم دووره‌. به‌فیڕۆ ده‌مپه‌رستن، ئامۆژگارییه‌ک فێرده‌كه‌ن كه‌ ڕاسپارده‌ی خه‌ڵكه}‌ . چونكه‌ ئێوه‌ ڕاسپارده‌ی خوداتان پشتگوێ خستووه‌ و پابه‌ندن به‌ نه‌ریتی خه‌ڵک”. ئینجا پێی فه‌رموون: “باش ڕاسپارده‌ی خودا ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له‌ نه‌ریتی خۆتان بكه‌ن!. چونكه‌ مووشێ وتوویه‌تی: {ڕێز له‌ باوک و دایكت بگره‌، ئه‌وه‌ی جنێو به‌ باوكی یان دایكی بدات، ده‌بێ بكوژرێت} به‌ڵام ئێوه‌ ده‌ڵێن: ئه‌وه‌ی به‌ باوكی یان دایكی بڵێت، ئه‌وه‌ی له‌ منی وه‌رده‌گرن، قوربانییه‌ به‌ واتای دیاری بۆ خودا ئیتر نایه‌ڵن شتێكی بۆ باوک یان دایكی بكات. به‌و نه‌ریته‌تان كه‌ له‌ یه‌كتری وه‌رده‌گرن، وشه‌ی خودا له‌كارده‌خه‌ن. زۆر شتی دیكه‌ی وه‌ک ئه‌مه‌ ده‌كه‌ن”. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بانگكرد و پێی فه‌رموون: “هه‌موو گوێم لێ بگرن و تێبگه‌ن. شت نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ بێته‌ ناوی و گڵاوی بكات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن با ببیستێت”. كاتێ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌جێهێشت و هاته‌ ماڵێک، قوتابییه‌كانی ده‌رباره‌ی په‌ندكه‌ پرسیان لێكرد. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ش ئاوا تێنه‌گه‌یشتوون؟ تێناگه‌ن كه‌ هه‌رچی له‌ ده‌ره‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ دێته‌ نێویه‌وه‌ ناتوانێت گڵاوی بكات؟ چونكه‌ ناچێته‌ دڵیه‌وه‌، به‌ڵكو سكی، پاشان ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ش بۆ ئاوده‌ست. هه‌موو خۆراكێک پێگه‌رده‌”. ئینجا فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ گڵاو ده‌كات. چونكه‌ له‌ ناوه‌وه‌، له‌ دڵی مرۆڤه‌وه‌، بیری خراپ ده‌رده‌چێت: داوێنپیسی، به‌دڕه‌وشتی، كوشتن، دزی، چڵێسی، خراپه‌كاری، هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن، به‌ڕه‌ڵایی، چاوپیسی، كفر، لووتبه‌رزی، نه‌زانی. هه‌موو ئه‌م خراپانه‌ له‌ ناوه‌وه‌ ده‌رده‌چن و مرۆڤ گڵاو ده‌كه‌ن”. ئیشۆع به‌ڕێكه‌وت و ئه‌وێی به‌جێهێشت، چووه‌ ده‌ڤه‌ری سووڕ و سه‌یده‌ن. چووه‌ ماڵێک و نه‌یویست كه‌س بزانێت، به‌ڵام نه‌یتوانی خۆی بشارێته‌وه‌. چونكه‌ ژنێک كچه‌كه‌ی ڕووحی گڵاوی تێدابوو، هه‌واڵی ئه‌وی بیست و هات له‌به‌رپێی كه‌وت. ژنه‌كه‌ش نا جوو بوو، له‌ ڕه‌گه‌زی پۆنیقێی سوریا بوو، داوای لێكرد شه‌یتانه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ی ده‌ربكات. به‌ڵام ئیشۆع پێی فه‌رموو: “جارێ با ڕۆڵه‌كان تێر بن، چونكه‌ ناشێت نانی ڕۆڵه‌كان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سه‌گ”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “به‌ڵێ گه‌وره‌م! سه‌گیش له‌ ژێر خواندا له‌ له‌ته‌نانی به‌ر ڕۆڵه‌كان ده‌خوات”. پێی فه‌رموو: “له‌به‌ر ئه‌م وشه‌یه‌، بڕۆ، شه‌یتانه‌كه‌ له‌ كچه‌كه‌ت ده‌رچوو”.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 7 بخوێنەوە

مەرقۆس 5:7-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

فەریسی و مامۆستایانی تەوراتیش لە عیسایان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانت لەسەر نەریتی پیران ناڕۆن و بە دەستی پیس نان دەخۆن؟» ئەویش پێی فەرموون: «ئیشایای پێغەمبەر سەبارەت بە ئێوەی دووڕوو پێشبینی باشی کردووە، وەک نووسراوە: «﴿ئەم گەلە هەر بە دەم ڕێزم لێ دەگرن، بەڵام دڵیان لێم دوورە. بەخۆڕایی دەمپەرستن، تەنها ڕاسپاردەی مرۆڤانە فێری خەڵک دەکەن.﴾ ئێوە ڕاسپاردەی خوداتان پشتگوێ خستووە و دەستتان بە نەریتی مرۆڤەوە گرتووە.» دیسان پێی فەرموون: «باش ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە نەریتی خۆتان بکەن. ئەوەتا موسا گوتوویەتی: ﴿ڕێزی دایک و باوکتان بگرن﴾، ﴿ئەوەی نەفرەت لە دایکی یان باوکی بکات، دەبێت بکوژرێت.﴾ بەڵام ئێوە دەڵێن: ”ئەگەر یەکێک بە دایک یان باوکی بڵێت: ئەوەی لە منەوە سوودت لێی وەردەگرت، دەیکەمە قوربانی،“ کە دیارییە بۆ خودا، ئیتر نایەڵن هیچ شتێک بۆ دایک یان باوکی بکات. بەو نەریتەتان کە لە یەکتری وەردەگرن، دەسەڵاتی ڕاسپاردەی خودا ڕەت دەکەنەوە. زۆر شتی دیکەی وەک ئەمە دەکەن.» دیسان عیسا خەڵکەکەی بانگکرد و پێی فەرموون: «هەموو گوێم لێ بگرن و تێبگەن. شت نییە لە دەرەوەی مرۆڤەوە بێتە ناوی و گڵاوی بکات. بەڵام ئەوەی لە مرۆڤەوە دێتە دەرەوە، ئەوە مرۆڤ گڵاو دەکات. [ئەوەی گوێی هەیە بۆ بیستن با گوێ بگرێت.]» کاتێک خەڵکەکەی بەجێهێشت و هاتە ماڵەوە، قوتابییەکانی بۆ نموونەکە پرسیاریان لێکرد. پێی فەرموون: «ئایا ئێوەش تێنەگەیشتوون؟ ئایا تێناگەن کە هەرچی لە دەرەوەی مرۆڤەوە دێتە ناویەوە ناتوانێت گڵاوی بکات؟ چونکە ناچێتە دڵییەوە، بەڵکو سکی، پاشان دەچێتە دەرەوەی جەستەی.» بەمەش ڕایگەیاند کە هەموو خواردنێک پاکە. ئینجا فەرمووی: «ئەوەی لە مرۆڤ دەردەچێت، ئەوەیە مرۆڤ گڵاو دەکات، چونکە لە ناوەوە، لە دڵی مرۆڤەوە، بیری خراپ دەردەچێت: بەدڕەوشتی، دزی، کوشتن، داوێنپیسی، چاوچنۆکی، خراپەکاری، هەڵخەڵەتاندن، بەڕەڵایی، چاوپیسی، کفر، لووتبەرزی، گێلی. هەموو ئەم خراپانە لە ناخی مرۆڤەوە دەردەچن و گڵاوی دەکەن.» عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ هەرێمی سور. چووە ماڵێک و نەیویست کەس بزانێت، بەڵام نەیتوانی خۆی بشارێتەوە. لەبەر ئەوەی ژنێک کچەکەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، کاتێک هەواڵی ئەوی بیست یەکسەر هات و لەبەرپێی کەوت. ژنەکەش یۆنانی بوو، لە ڕەگەزی فینیکیای سوریا بوو، داوای لێکرد ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەی دەربکات. ئەویش پێی فەرموو: «جارێ با منداڵان تێر بن، چونکە ناشێت نانی منداڵان ببڕدرێت و فڕێبدرێت بۆ سەگ.» بەڵام ژنەکە وەڵامی دایەوە: «گەورەم! سەگیش لەژێر خواندا لە پاشماوەی منداڵان دەخوات.» پێی فەرموو: «لەبەر ئەم قسەیە، بڕۆ، ڕۆحە پیسەکە لە کچەکەت دەرچوو.»

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 7 بخوێنەوە