لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 31:6-56

مەرقۆس 31:6-56 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “هه‌ر خۆتان به‌ته‌نێ وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێک پشوو بده‌ن”. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو. ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ كه‌شتی چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ. به‌ڵام زۆر خه‌ڵک بینیانن و ناسیانن، له‌ هه‌موو شاره‌كانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ پێیان به‌ره‌و ئه‌وێ ڕایان ده‌كرد و پێشیان كه‌وتن. كاتێ ئیشۆع دابه‌زی، كۆمه‌ڵێكی زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونكه‌ وه‌ک كاوڕی بێ شوان بوون. ده‌ستی پێكرد زۆر شتی فێركردن. دوای چه‌ند كاژێرێكی زۆر، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێش، وتیان: “ئه‌م شوێنه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. به‌ڕێیان بكه‌، تاكو بچنه‌ ئه‌م لادێ و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ر نان بۆ خۆیان بكڕن، چونكه‌ هیچیان نیه‌ بیخۆن”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئێوه‌ شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. پێیان وت: “ئایا بچین بایی دوو سه‌د دینار نانیان بۆ بكڕین و بیانده‌ینێ، تاكو بیخۆن؟” ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “چه‌ند نانتان پێیه‌؟ بڕۆن ببینن”. كه‌ زانییان وتیان: “پێنج له‌گه‌ڵ دوو ماسی”. ئینجا فه‌رمانی پێدان خه‌ڵكه‌كه‌ كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ له‌سه‌ر سه‌وزه‌ گیا دابنیشێنن. ئه‌وانیش ڕیز ڕیز دانیشتن، سه‌د سه‌د و په‌نجا په‌نجا. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و نانه‌كانی له‌تكرد و دایه‌ قوتابییه‌كانی تاكو له‌به‌رده‌میان دایبنێن، دوو ماسیه‌كه‌شی به‌سه‌ر هه‌موویان دابه‌شكرد. جا هه‌موو خواردیان و تێربوون. پاشان دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕ له‌ له‌ته‌نان و ماسییان هه‌ڵگرته‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌ نانه‌كه‌یان خوارد نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون. یه‌كسه‌ر ئیشۆع قوتابییه‌كانی ناچاركرد سواری كه‌شتیه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، بۆ بتسه‌یادا، تاكو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. كه‌ خواحافیزی لێكردن، بۆ نوێژكردن چووه‌ سه‌ر شاخ. كه‌ ئێواره‌ داهات، كه‌شتیه‌كه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌ بوو، ئیشۆعیش به‌ ته‌نها له‌سه‌ر وشكایی بوو. كه‌ بینی به‌هۆی سه‌وڵ لێدان ماندوون، چونكه‌ بایه‌ک پێچه‌وانه‌یان بوو، له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا هاته‌ لایان، به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت و ویستی لێیان تێپه‌ڕێت. كاتێ بینییان به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕوات، وایانزانی دێوه‌زمه‌یه‌، جا هاواریان كرد. چونكه‌ هه‌موو بینییان و شڵه‌ژان، یه‌كسه‌ر قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. ئینجا بۆ لایان سه‌ركه‌وته‌ نێو كه‌شتیه‌كه‌ و باكه‌ وه‌ستا. جا به‌ ته‌واوی سه‌رسام بوون، چونكه‌ ده‌رباره‌ی نانه‌كان تێنه‌گه‌یشتن، دڵیان هه‌ر ڕه‌ق بوو. كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ و له‌نگه‌ریان گرت. كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زین، خه‌ڵک ئیشۆعیان ناسییه‌وه‌. به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ردا سووڕان و نه‌خۆشه‌كان به‌سه‌ر نوێنه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ڵگرت، بۆ هه‌ر شوێنێک گوێیان لێبووایه‌ كه‌ له‌وێیه‌. بۆ هه‌ر كوێ بڕۆیشتایه‌، گوند، شار، لادێ. خه‌ڵک نه‌خۆشه‌كانیان له‌ بازاڕ داده‌نا و لێی ده‌پاڕانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌ر كه‌سێک ده‌ستی لێیدا چاكبووه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 6 بخوێنەوە

مەرقۆس 31:6-56 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو. ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون، هەر بۆیە دەستی کرد بە فێرکردنیان بە زۆر شت. کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.» بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟» ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان و دوو ماسی.» ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. هەموو خواردیان و تێر بوون. پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون. دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێت‌سەیدا، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. دوای بەڕێکردنیان، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ. کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لە ناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوو بوون، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان. ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.» ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و ڕەشەباکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن؛ دڵیان هەر ڕەق بوو. کاتێک عیسا و قوتابییەکانی پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 6 بخوێنەوە