لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:6-32

مەرقۆس 1:6-32 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌وێی به‌جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، قوتابییه‌كانیشی دوای كه‌وتن. كه‌ بووه‌ شه‌ممه‌، له‌ كه‌نیشتدا ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری، زۆر له‌وانه‌ی گوێیان لێی گرتبوو سه‌رسام بوون. وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌م داناییه‌ی پێی دراوه‌ و ئه‌م په‌رجوانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێن چین؟ ئه‌رێ ئه‌مه‌ دارتاشه‌كه‌ی كوڕی مه‌ریه‌م و براكه‌ی یاقوو و یوسی و ئیهوودا و شیمعون نییه‌؟ خوشكه‌كانی لێره‌ له‌لامان نین؟” به‌م شێوه‌یه‌ ساتمه‌یان لێی كرد. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ نیشتمان و له‌نێوان خزم و له‌ ماڵی خۆی نه‌بێت”. ئیتر له‌وێدا نه‌یتوانی یه‌ک په‌رجوش بكات، به‌ڵام چه‌ند نه‌خۆشێک هه‌بوون كه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانان و چاكیكردنه‌وه‌. له‌ بێباوه‌ڕی ئه‌وان سه‌ری سوڕما. ئینجا به‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ردا گه‌ڕا و ئامۆژگاری ده‌كرد. ئینجا دوازده‌كه‌ی بانگكرد، دوو دوو ده‌ستیكرد به‌ ناردنیان و ده‌سه‌ڵاتی پێدان به‌سه‌ر ڕووحه‌گڵاوه‌كان. ڕایسپاردن كه‌ بۆ ڕێگا هیچ نه‌به‌ن، جگه‌ له‌ گۆچانێک، نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ نان نه‌ پاره‌ بۆ به‌ر پشتێن. به‌ڵكو سۆل له‌ پێیان بێت و دوو كراس له‌به‌ر نه‌كه‌ن. پێی فه‌رموون: “له‌ هه‌ر شوێنێک چوونه‌ ماڵێک، له‌وێ بمێننه‌وه‌ تاكو ئه‌وێ به‌جێده‌هێڵن. ئه‌گه‌ر شوێنێكیش په‌سه‌ندی نه‌كردن و گوێیان لێ نه‌گرتن ئه‌وا له‌وێ ده‌رچن و تۆزی پێتان بته‌كێنن، بۆ گه‌واهی له‌سه‌ریان، ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: دۆخی زه‌ویی سه‌دوم و عامۆرا له‌ ڕۆژی سزادان ئاسانتر ده‌بێت له‌و شاره‌”. ئه‌وانیش ده‌رچوون و تۆبه‌كردنیان ڕاده‌گه‌یاند. شه‌یتانی زۆریان ده‌ركرد و زۆر نه‌خۆشیان به‌ ڕۆن چه‌وركرد و چاكیان كردنه‌وه‌. شا هیڕوودس ئه‌مه‌ی بیست، چونكه‌ ناوی ده‌نگیدایه‌وه‌ و ده‌یانووت: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار له‌نێو مردوواندا هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ په‌رجو له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌كرێت”. خه‌ڵكی دیكه‌ ده‌یانووت: “ئیلییایه‌”. هه‌ندێكیش ده‌یانووت: “پێغه‌مبه‌رێكه‌، وه‌ک پێغه‌مبه‌ران”. به‌ڵام هیڕوودس كه‌ بیستی، وتی: “یوخه‌ننه‌نه‌، ئه‌وه‌ی من سه‌رم بڕی، له‌نێو مردواندا‌ هه‌ستاوه‌ته‌وه‌!” چونكه‌ هیڕوودس به‌ خۆی ناردبوو، یوخه‌ننه‌نی گرت و له‌ زیندان‌ به‌ستییه‌وه‌، له‌سه‌ر هیرۆدیای ژنی پیلیپوسی برای خۆی، ئه‌وه‌ی كه‌ خواستبووی. چونكه‌ یوخه‌ننه‌ن به‌ هیڕوودسی ده‌ووت: “دروست نییه‌ براژنه‌كه‌ت بخوازیت”. جا هیرۆدیا ڕقی لێیبوو و ده‌یه‌ویست بیكوژێت، به‌ڵام نه‌یده‌توانی، چونكه‌ هیڕوودس له‌ یوخه‌ننه‌ن ده‌ترسا، ده‌یزانی پیاوێكی خوداناس و پارسایه‌، ده‌یپاراست. كاتێ گوێی لێده‌گرت زۆر ده‌شێوا، حه‌زیشی ده‌كرد گوێی لێبگرێت. ده‌رفه‌تێک ڕێككه‌وت، كاتێ هیڕوودس له‌ جه‌ژنی له‌دایكبوونی بۆ گه‌وره‌ فه‌رمانده‌كانی و پیاو ماقوڵانی گلیلا خوانی سازكرد. كچی هیرۆدیا هاته‌ ژووره‌وه‌ و سه‌مای كرد. جا هیڕوودس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی پاڵیاندابووه‌وه‌ دڵخۆشیكردن. پاشا به‌ كچه‌كه‌ی وت: “هه‌رچیه‌كت ده‌وێ له‌ منی داوا بكه‌، ده‌تده‌مێ”. سوێندیشی بۆ خوارد: “هه‌رچیم لێ داوا بكه‌یت ده‌تده‌مێ، ئه‌گه‌ر نیوه‌ی پاشایه‌تیه‌كه‌شم بێت”. ئه‌ویش ده‌رچوو و به‌ دایكی وت: “داوای چی بكه‌م؟” وتی: “سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار”. یه‌كسه‌ر و به‌ په‌له‌ هاته‌ ژووره‌وه‌ بۆ لای پاشا، داوای كرد و وتی: “ده‌مه‌وێت هه‌رئێستا سه‌ری یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكارم له‌سه‌ر سینییه‌ک بده‌یتێ”. پاشا زۆر دڵگران بوو. به‌ڵام له‌به‌ر سوێنده‌كان و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی له‌سه‌ر خوان بوون، نه‌یویست ڕه‌تی بكاته‌وه‌. پاشا یه‌كسه‌ر پیاوكوژی نارد و فه‌رمانی دا سه‌ری بهێنن. ئه‌ویش چوو و له‌ زیندان سه‌ری بڕی، له‌سه‌ر سینییه‌ک سه‌ری هێنا و دایه‌ كچه‌كه‌، كچه‌ش دایه‌ دایكی. كاتێ قوتابییه‌كانی بیستیان، هاتن ته‌رمه‌كه‌یان هه‌ڵگرت و له‌ گۆڕێكدا ناشتیان. په‌یامبه‌ران له‌ ئیشۆع كۆبوونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی كردبوویان و فێریان كردبوو بۆیان گێڕایه‌وه‌. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “هه‌ر خۆتان به‌ته‌نێ وه‌رنه‌ شوێنێكی چۆڵ كه‌مێک پشوو بده‌ن”. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌هاتن و ده‌چوون زۆر بوون، ده‌رفه‌تی نان خواردنیان نه‌بوو. ئیتر هه‌ر خۆیان به‌ كه‌شتی چوونه‌ شوێنێكی چۆڵ.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 6 بخوێنەوە

مەرقۆس 1:6-32 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون. گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی لەسەر دەستی دەکرێن! ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» ئیتر ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، لە شاری خۆی و لەنێوان خزم و کەسوکار و ماڵی خۆی نەبێت.» ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. لە بێباوەڕیی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا دەگەڕا و خەڵکی فێر دەکرد. دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی بەسەر ڕۆحە پیسەکاندا پێدان. ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن، پێڵاو لە پێ بکەن بەڵام کراسی زیادە لەبەر مەکەن. پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.» ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە. هێرۆدسی پاشا لەم بارەیەوە بیستی، چونکە ناوی عیسا دەنگیدابووەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.» خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.» بەڵام هێرۆدس کاتێک بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!» هێرۆدس لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خۆی خواستبووی، ناردبووی و یەحیای گرتبوو، پەلبەستی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، لەبەر ئەوەی یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» ئیتر هێرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و حەزی دەکرد بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت. لە کۆتاییدا دەرفەتێک ڕێککەوت. هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونیدا خوانێکی بۆ گەورە پیاوان و فەرماندەکانی و پیاو ماقوڵانی جەلیل سازکرد. کچی هێرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی دڵخۆش کرد کە لەگەڵی پاڵیاندابووەوە. پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.» سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.» ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.» دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.» پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکەی و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. پاشا یەکسەر جەلادی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری پەڕاند، لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. قوتابییەکانی یەحیا بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان. نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە و هەموو ئەو کارە و فێرکردنانەیان بۆ گێڕایەوە کە کردبوویان. ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو. ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 6 بخوێنەوە