لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 13:3-30

مەرقۆس 13:3-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا چووه‌ سه‌ر شاخێک و ئه‌وانه‌ی بانگكرد كه‌ ده‌یویستن، ئه‌وانیش چوونه‌ لای. دوازده‌ی دیاری كرد تاكو له‌گه‌ڵی بن و بیاننێرێت بۆ موژده‌دان، ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێت بۆ چاره‌كردنی نه‌خۆش و ده‌ركردنی شه‌یتانه‌كان. شیمعونی ناونا په‌تڕۆس، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای كه‌ ناوی لێنان بوانرجس، واتا ڕۆڵه‌كانی هه‌وره‌تریشقه‌، ئه‌ندراوس و پیلیپوس و به‌رتولمه‌ی و مه‌تته‌ی و تۆما و یاقووی كوڕی حه‌لفی و ته‌دده‌ی و شیمعونی قنانایا و ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی كه‌ ڕاده‌ستی كرد. ئینجا چووه‌ ماڵێک و دیسان خه‌ڵكێكی زۆریان لێ كۆبووه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک نه‌یانتوانی نان بخۆن. كاتێ كه‌سوكاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونكه‌ ده‌یانووت: “مێشكی تێكچووه”. ته‌وراتزانه‌كانیش كه‌ له‌ یروشلایمه‌وه‌ دابه‌زیبوون، وتیان: “به‌عله‌زبول ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه‌! به‌ سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان، شه‌یتانان ده‌رده‌كات”. ئیشۆع بانگی كردن و به‌ په‌ند قسه‌ی بۆ كردن: چۆن ده‌بێت شه‌یتان شه‌یتان ده‌ربكات؟ ئه‌گه‌ر پاشایه‌تیێک دووبه‌ره‌كی تێدا بێت، ئه‌و پاشایه‌تیییه‌ خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر ماڵێكیش دووبه‌ره‌كی تێدا بێت، ئه‌و ماڵه‌ خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتان له‌ خۆی هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه‌ و دووبه‌ره‌كی تێكه‌وت، خۆی ڕاناگرێت، به‌ڵكو كۆتایی پێ دێت. كه‌سیش ناتوانێت بچێته‌ ماڵی به‌هێزێک و شته‌كانی تاڵان بكات، مه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار نه‌یبه‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفركردنێكی ئاده‌میزاد ده‌به‌خشرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كفر به‌ ڕووحی پارسا بكات، تاهه‌تایه‌ نابه‌خشرێت، به‌ڵكو به‌ گوناهێكی جاویدانیه‌وه‌ تاوانباره”. چونكه‌ ده‌یانووت: “ڕووحی گڵاوی هه‌یه‌”.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 3 بخوێنەوە

مەرقۆس 13:3-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیسا چووە سەر شاخێک و ئەوانەی بانگکرد کە خۆی ویستنی، ئەوانیش چوونە لای. دوازدەی دیاری کرد و ناوی لێنان نێردراوان، تاکو لەگەڵی بن و بۆ جاڕدان بیاننێرێت و دەسەڵاتیان هەبێت بۆ دەرکردنی ڕۆحی پیس. ئەم دوازدە کەسەی دیاری کرد: شیمۆن کە ناوی لێنا پەترۆس، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای کە ناوی لێنان بوانەرگس، واتا کوڕانی هەورەتریشقە، هەروەها ئەندراوس، فیلیپۆس، بەرتۆلماوس، مەتا، تۆماس، یاقوبی کوڕی حەلفی، تەداوس، شیمۆنی کانەوی و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا. عیسا چووە ماڵێک و دیسان خەڵکێکی زۆریان لێ کۆبووەوە، بە شێوەیەک کە نەیانتوانی نان بخۆن. کاتێک کەسوکاری بیستیان، هاتن بیگرن، چونکە دەیانگوت: «مێشکی تێکچووە.» مامۆستایانی تەوراتیش کە لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون، گوتیان: «بەعل‌زەبول دەستی بەسەردا گرتووە، بە شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.» عیسا بانگی کردن و بە نموونە قسەی بۆ کردن: «شەیتان چۆن دەبێت شەیتان دەربکات؟ ئەگەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، ئەو شانشینە خۆی ڕاناگرێت. ئەگەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێدابێت، ئەو ماڵە خۆی ڕاناگرێت. ئەگەر شەیتان لە خۆی هەڵگەڕایەوە و دووبەرەکی تێکەوت، خۆی ڕاناگرێت، بەڵکو کۆتایی پێ دێت. کەسیش ناتوانێت بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات. ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز کفر بکات، هەرگیز نابەخشرێت، بەڵکو بە گوناهێکی هەتاهەتاییەوە تاوانبارە.» ئەمەی فەرموو، چونکە دەیانگوت: «ڕۆحی پیسی هەیە.»

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 3 بخوێنەوە