لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:2-12

مەرقۆس 1:2-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاش چه‌ند ڕۆژێک هاته‌وه‌ نێو كپه‌ڕناخوم، جا بیسترا كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌یه‌. یه‌كسه‌ر خه‌ڵكێكی زۆر كۆبوونه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رگاش شوێن نه‌ما. ئه‌ویش به‌ وشه‌كه‌ بۆیان ده‌دووا. ئیفلیجێكیان هێنایه‌ لای، به‌ چوار كه‌س هه‌ڵیانگرتبوو. به‌ڵام له‌به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌یانتوانی بیبه‌نه‌ لای. جا سه‌ربانی ئه‌و شوێنه‌یان هه‌ڵگرت كه‌ ئه‌وی لێبوو، كونێكیان كرده‌وه‌ و نوێنه‌كه‌یان شۆڕكرده‌وه‌ كه‌ ئیفلیجه‌كه‌ی له‌سه‌ر بوو. كاتێ ئیشۆع باوه‌ڕیانی بینی، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌، گوناهه‌كانت به‌خشران”. هه‌ندێک ته‌وراتزانیش له‌وێ دانیشتبوون، له‌ دڵی خۆیاندا بیریان ده‌كرده‌وه‌: “بۆچی ئه‌مه‌ ئاوا به‌كفر ده‌دوێت؟ بێجگه‌ له‌ خودا كێ ده‌توانێت گوناه‌ ببه‌خشێت؟” یه‌كسه‌ر ئیشۆع به‌ ڕووحی خۆی زانی له‌ دڵی خۆیاندا ئاوا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی له‌ دڵتاندا بیری وا ده‌كه‌نه‌وه‌؟ كامیان ئاسانتره‌، به‌ ئیفلیجه‌كه‌ بڵێی: گوناهه‌كانت به‌خشران، یان بڵێی: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و ڕێ بكه‌؟ به‌ڵام تاكو بزانن، ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه”. به‌ ئیفلیجه‌كه‌ی فه‌رموو: “پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌، نوێنه‌كه‌ت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ ماڵه‌وه‌!”. ئه‌ویش یه‌كسه‌ر هه‌ستا و نوێنه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و له‌به‌رچاوی هه‌موویان چووه‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌موو سه‌رسام بوون و شكۆمه‌ندیی خودایان كرد، وتیان: “هه‌رگیز وه‌كو ئه‌مه‌مان نه‌بینیوه‌!”.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 2 بخوێنەوە

مەرقۆس 1:2-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش چەند ڕۆژێک عیسا هاتەوە بۆ کەفەرناحوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە. خەڵکێکی زۆر کۆبوونەوە، بە شێوەیەک لە بەردەرگاش شوێن نەمابوو، ئەویش دەستی کرد بە باسکردنی پەیامی خودای بۆیان. لەو کاتەدا کابرایەکی ئیفلیجیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. بەڵام بەهۆی زۆری خەڵکەکەوە نەیانتوانی لێی نزیک ببنەوە. جا کونێکی گەورەیان کردە سەربانی ئەو شوێنەی کە عیسای لێبوو و نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە پیاوە ئیفلیجەکەی لەسەر بوو. کاتێک عیسا باوەڕی ئەوانی بینی، بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «کوڕم، گوناهەکانت بەخشران.» هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بۆچی ئەمە بەم شێوەیە دەدوێت؟ کفر دەکات! بێجگە لە خودا کێ دەتوانێت گوناه ببەخشێت؟» دەستبەجێ عیسا لە ڕۆحییەوە زانی کە ئەوان لە دڵی خۆیاندا بەو جۆرە بیر دەکەنەوە، پێی فەرموون: «بۆچی لە دڵتاندا بیر لەم شتانە دەکەنەوە؟ کامیان ئاسانترە، بە ئیفلیجەکە بگوترێت: ”گوناهەکانت بەخشران،“ یان بگوترێت: ”هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ“؟ بەڵام بۆ ئەوەی بزانن کوڕی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی گوناهبەخشینی هەیە،…» بە ئیفلیجەکەی فەرموو: «پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆرەوە ماڵەوە.» ئەویش یەکسەر هەستا و نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەرچاوی هەموویان چووە دەرەوە. بە شێوەیەک هەموو سەرسام بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «هەرگیز شتی وامان نەبینیوە!»

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 2 بخوێنەوە