لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 55:14-65

مەرقۆس 55:14-65 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاهینانی باڵا و هه‌موو سه‌نهه‌دریم به‌دوای گه‌واهییه‌ک ده‌گه‌ڕان له‌سه‌ر ئیشۆع تاكو بیكوژن، به‌ڵام ده‌ستیان نه‌كه‌وت. چونكه‌ كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و گه‌واهییه‌كانیان كۆک نه‌بوو. هه‌ندێک هه‌ستان و به‌ درۆ گه‌واهییان له‌سه‌ری دا و وتیان: “ئێمه‌ گوێمان لێیبوو ده‌یووت: من ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ستكرده‌ ده‌یڕوخێنم، به‌ سێ ڕۆژ یه‌كێكی دیكه‌ بنیاد ده‌نێم كه‌ ده‌ستكرد نه‌بێت”. له‌مه‌شدا گه‌واهییه‌كه‌یان كۆک نه‌بوو. كاهینی باڵاش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ ئیشۆعی پرسی: “هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ گه‌واهیی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع بێده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان كاهینی باڵا لێی پرسی و پێی وت: “ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، ڕۆڵه‌ی داڕشتكراوه‌كه‌ی؟” ئیشۆع فه‌رمووی: “من ئه‌وم. وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بینن له‌ ده‌سته‌ڕاستی هێزدار داده‌نیشێت وله‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌”. كاهینی باڵا جله‌كانی خۆی دادڕی و وتی: “ئیتر چ پێویستیه‌كمان به‌ گه‌واهیده‌ران هه‌یه‌؟ خۆ گوێتان له‌ كفره‌كانی بوو! ڕاتان چییه‌؟” هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مه‌رگه‌. هه‌ندێک تفیان لێ كرد و ڕوویان داپۆشی و مستیان لێ دا و پێیان ده‌ووت: “پێشبینی بكه‌”. ڕاژه‌وانانیش زیللـه‌یان لێ ده‌دا.

مەرقۆس 55:14-65 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاهینانی باڵا و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە بەدوای شایەتییەک دەگەڕان لەسەر عیسا تاکو سزای کوشتنی بەسەردا بدەن، بەڵام دەستیان نەکەوت. کەسانێکی زۆر بە درۆ شایەتییان لەسەری دا، بەڵام شایەتییەکانیان یەکیان نەدەگرتەوە. هەندێک هەستان و بە درۆ شایەتییان لەسەری دا و گوتیان: «گوێمان لێی بوو دەیگوت: ”ئەم پەرستگایەی دەستکردی مرۆڤە دەیڕووخێنم، بە سێ ڕۆژ یەکێکی دیکە بنیاد دەنێم کە دەستکردی مرۆڤ نەبێت.“» لەمەشدا شایەتییەکەیان کۆک نەبوو. سەرۆکی کاهینانیش لە ناوەڕاست ڕاوەستا و لە عیسای پرسی: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە چ شایەتییەکت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا بێدەنگ مایەوە و هیچ وەڵامی نەدایەوە. دیسان سەرۆکی کاهینان لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مەسیحەکەی، کوڕی خودای پیرۆز؟» عیسا فەرمووی: «من ئەوم. لە داهاتووش دەبینن کوڕی مرۆڤ لە دەستەڕاستی خودای توانادار دادەنیشێت و بەسەر هەوری ئاسمانەوە دێتەوە.» سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ خۆ گوێتان لە کفرەکە بوو، ڕاتان چییە؟» هەموو بڕیاریان دا کە شایانی مردنە. هەندێک کەوتنە تف لێکردنی، دەم و چاویان داپۆشی و لێیان دەدا، پێیان دەگوت: «ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟» پاسەوانەکانیش گرتییان و دایانە بەر زللە.