لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 26:14-42

مەرقۆس 26:14-42 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، كاوڕه‌كان په‌رت ده‌بن} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: “ئه‌گه‌ر ناچار بم له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!”. هه‌مووشیان وایان وت. هاتنه‌ شوێنێک پێی ده‌ووترا گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن تاكو نوێژ ده‌كه‌م”. ئینجا په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی له‌گه‌ڵ خۆی برد، ده‌ستی به‌ دڵگرانی و دڵته‌نگی كرد. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم، خه‌ریكه‌ بمرم! لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن”. كه‌مێک دووركه‌وته‌وه‌ و خۆی خسته‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی كرد تاكو ئه‌گه‌ر ببێت كاته‌كه‌ی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت. فه‌رمووی: “بابه‌! باوكه‌، هه‌موو شتێک بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لاببه‌. به‌ڵام نه‌ک ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ته‌وێت”. ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “شیمعون نووستوویت؟ نه‌تتوانی كاژێرێک بێداربیت؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕووح چاڵاكه‌ به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشت و نوێژی كرد، هه‌مان وته‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌. دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو، نه‌یانزانی چۆن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌. سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌! ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیكبووه‌وه‌!”.

مەرقۆس 26:14-42 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون. عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرت دەبن.﴾ بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.» پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.» عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت. پاشان چوونە شوێنێک پێی دەگوترا گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن تاکو نوێژ دەکەم.» ئەوسا پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای لەگەڵ خۆی برد، هەستی بە دڵگرانی و دڵتەنگی دەکرد. پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم، خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشک بگرن.» کەمێک دوور کەوتەوە و خۆی خستە سەر زەوی، نوێژی کرد تاکو ئەگەر بکرێت کاتەکەی بەسەردا تێبپەڕێت. فەرمووی: «بابە! باوکە، هەموو شتێک بۆ تۆ دەبێت، ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.» گەڕایەوە بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «شیمۆن نوستوویت؟ نەتتوانی کاتژمێرێک ئێشک بگریت؟ ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە بەڵام جەستە لاوازە.» دیسان ڕۆیشتەوە و نوێژی کرد، هەمان وتەی دووبارە کردەوە. کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو، نەیانزانی چۆن وەڵامی بدەنەوە. سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»