لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:14-31

مەرقۆس 1:14-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

جه‌ژنی په‌سخه‌ و ڕۆژانی فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان ده‌گه‌ڕان به‌ فێڵێک چۆن بیگرن و بیكوژن، به‌ڵام وتیان: نه‌ک له‌ جه‌ژندا، نه‌وه‌ک ئاژاوه‌ بكه‌وێته‌ نێو گه‌ل. له‌ بتعه‌نیا، له‌ ماڵی شیمعونی گول له‌سه‌ر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێكی بۆنی ناردینی ساده‌ی گرانبه‌های پێبوو، بوتڵه‌كه‌ی شكاند و به‌سه‌ریدا ڕژاند. هه‌ندێک زویر بوون و به‌ یه‌كتریان وت: “بۆچی بۆنه‌كه‌ ئاوا به‌ فیڕۆ درا؟ ده‌توانرا ئه‌م بۆنه‌ به‌ زیاتر له‌ سێ سه‌د دینار بفرۆشرایه‌ و بدرایه‌ هه‌ژاران”. جا سه‌رزه‌نشتی ژنه‌كه‌یان كرد. به‌ڵام ئیشۆع فه‌رمووی: “لێیگه‌ڕێن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ كارێكی چاكی بۆ من كرد!. چونكه‌ هه‌ژاران هه‌میشه‌ له‌لاتانن، كه‌ی ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌میشه‌ له‌لاتان نیم. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی، پێشوه‌خت له‌شمی بۆ كفنكردن چه‌وركرد. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ هه‌موو جیهاندا له‌ هه‌ر كوێ ئه‌م ئینجیله‌ ڕابگه‌یێندرێت، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردوویه‌تی، بۆ یادكردنه‌وه‌ی”. ئینجا ئیهوودای ئه‌سخه‌ریوتی یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، چووه‌ لای كاهینانی باڵا تاكو ئیشۆعیان ڕاده‌ست بكات. كاتێ گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و به‌ڵێنیان پێیدا زیوی بده‌نێ. جا له‌ هه‌لێک ده‌گه‌ڕا تاكو ڕاده‌ستی بكات. له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌دا، كه‌ قوربانیی په‌سخه‌یان ده‌كرد، قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌ته‌وێ بچینه‌ كوێ ئاماده‌كاری بكه‌ین، تاكو په‌سخه‌ بخۆیت؟” ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی نارد، پێی فه‌رموون: “بڕۆنه‌ نێو شار، كابرایه‌ک تووشتان ده‌بێت گۆزه‌یه‌ک ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای بكه‌ون. له‌كوێ چووه‌ ژووره‌وه‌، به‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ بڵێن: ڕابی ده‌ڵێ: كوا ژووره‌كه‌ تاكو له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانم په‌سخه‌ی تێدا بخۆم؟ ئه‌ویش له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌ ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان ده‌دات، ڕاخراوه‌ و ئاماده‌ كراوه‌، له‌وێ بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن”. قوتابییه‌كان ده‌رچوون و هاتنه‌ شار، وه‌ک پێی فه‌رمووبوون بینییان و په‌سخه‌یان ئاماده‌ كرد. كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ هات. پاڵیاندابووه‌وه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم، یه‌كێكتان وا له‌گه‌ڵم ده‌خوات، ڕاده‌ستم ده‌كات!” خه‌م دایگرتن و یه‌ک یه‌ک وتیان: “خۆ من نیم؟”، “خۆ من نیم؟” پێی فه‌رموون: “یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی له‌نێو قاپه‌كه‌دایه‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵی ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كات! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه!”. كاتێ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد و له‌تیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “بگرن بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت و سوپاسی كرد و پێیدان، هه‌موو لێیان خوارده‌وه‌. پێی فه‌رموون: “ئه‌مه‌ خوێنی منه‌ كه‌ بۆ په‌یمانی نوێی، له‌پێناوی زۆر كه‌س ده‌ڕژێت. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: ئیتر له‌ به‌رهه‌می مێو ناخۆمه‌وه‌ تاكو ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی خودا به‌ نوێی ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێ ده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، كاوڕه‌كان په‌رت ده‌بن} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م!”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ، هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی دوو جار كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. به‌ڵام زیاتر پێی داگرت و وتی: “ئه‌گه‌ر ناچار بم له‌گه‌ڵیشت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!”. هه‌مووشیان وایان وت.

مەرقۆس 1:14-31 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

جەژنی پەسخە و فەتیرە دوو ڕۆژی مابوو، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات دەگەڕان بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن، گوتیان: «با لە جەژندا نەبێت، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.» کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا بوو، لە ماڵی شیمۆنە گول لەسەر خوان بوو، ژنێک هات بوتڵێکی ئەلەباستەریی بۆنی ناردینی بێگەردی گرانبەهای پێبوو، بوتڵەکەی شکاند و بەسەریدا ڕژاند. بەڵام هەندێک تووڕە بوون و بە یەکتریان گوت: «بۆچی بۆنەکە ئاوا بەفیڕۆ درا؟ دەکرا ئەم بۆنە بە زیاتر لە سێ سەد دینار بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.» جا سەرزەنشتی ژنەکەیان کرد. بەڵام عیسا فەرمووی: «وازی لێ بهێنن. بۆچی بێزاری دەکەن؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، کەی ویستتان دەتوانن چاکەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. ئەوەی لە دەستی هات کردی، زوو جەستەی منی بۆ ناشتن چەورکرد. ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.» یەهوزای ئەسخەریوتی کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا تاکو عیسا بە گرتن بدات. کاتێک گوێیان لێبوو، دڵخۆش بوون و بەڵێنیان پێیدا زیوی بدەنێ. جا لە هەلێک دەگەڕا تاکو عیسا بە گرتن بدات. لە یەکەم ڕۆژی جەژنی فەتیرەدا، کە بەرخی پەسخەیان سەردەبڕی، قوتابییەکانی لە عیسایان پرسی: «دەتەوێ بچینە کوێ ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟» ئەویش دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ناو شار، پیاوێک تووشتان دەبێت گۆزەیەک ئاوی هەڵگرتووە، دوای بکەون. لەکوێ چووە ژوورەوە، بە خاوەن ماڵەکە بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ: کوا دیوەخانەکەم تاکو لەگەڵ قوتابییەکانم نانی پەسخەی تێدا بخۆم؟“ ئەویش لە نهۆمی سەرەوە ژوورێکی گەورەتان پیشان دەدات، ڕاخراوە و ئامادە کراوە، لەوێ بۆمانی ئامادە بکەن.» قوتابییەکان ڕۆیشتن و هاتنە شار، هەموو شتێکیان دۆزییەوە، هەروەک عیسا پێی فەرمووبوون. ئینجا نانی پەسخەیان ئامادە کرد. کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە هات. پاڵیاندابووەوە نانیان دەخوارد، عیسا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، یەکێکتان وا لەگەڵم دەخوات، بە گرتنم دەدات.» خەم دایگرتن و یەک لەدوای یەک گوتیان: «خۆ ئەو کەسە من نیم؟» پێی فەرموون: «یەکێکە لەم دوازدەیە، ئەوەی لەگەڵم دەستی لەناو قاپەکەیە. کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.» کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، پێیدان و فەرمووی: «وەریبگرن، ئەمە جەستەی منە.» ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و هەموو لێیان خواردەوە. پێی فەرموون: «ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر دەڕژێت. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئیتر لە بەرهەمی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی خودا دەیخۆمەوە.» ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون. عیسا پێی فەرموون: «هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕەکان پەرت دەبن.﴾ بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.» پەترۆس پێی گوت: «ئەگەر هەموو پشتت لێ بکەن، من پشتت لێ ناکەم.» عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: تۆ ئەمڕۆ، هەر ئەمشەو، پێش ئەوەی دوو جار کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» بەڵام پەترۆس زیاتر پێداگری کرد و گوتی: «ئەگەر لەگەڵیشت بمرم، نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو وایان گوت.